رووداو دیجیتاڵ
دوای ناڕەزایەتییە توندەکەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەبارەی لێدوانێکی پەیوەست بە هەبوونی 600 هەزار کارمەندی دوو مووچە، ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵی هاتە دەنگ و دەڵێت، ئەو ژمارانە تەنیا "زانیاریی دزەپێکراو" بوون و ئاماری فەرمیی ئەنجوومەنەکە نین.
رۆژی دووشەممە، 13ـی تەممووزی 2026، ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵی لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، ئەو قسانەی موحی مورتەزا قەزوینی، سەرۆکی ئەنجوومەنەکە لە هەڤپەیڤینێکی تەلەڤیزیۆنیدا لەبارەی بوونی 600 هەزار کارمەندی وەزارەتی ناوخۆ کە دوو مووچە وەردەگرن، مەبەست لێی خستنەڕووی زانیاریی فەرمی یان ئەنجامی وردبینی نەبووە.
ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵی ئاماژەی بەوە کردووە، سەرۆکی ئەنجوومەن تەنیا وەک ئاماژەدان بەو زانیارییانەی "دزەیان کردووە" قسەی کردووە، نەک وەک هەڵوێستێکی فەرمی. هەروەها جەختی کردەوە کە "رێز و ستایشی زۆریان بۆ وەزارەتی ناوخۆ و رۆڵی نیشتمانیی ئەو وەزارەتە هەیە لە پاراستنی ئاسایش."
ئەم روونکردنەوەیەی ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵی دوای ئەوە هات، کە لیوا میقداد میری، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە توندی ئەو لێدوانانەی رەتکردەوە و بە "بێ بنەما و خەیاڵی" وەسفی کردن.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیێندراوێکدا گوتبووی: "ئەم بانگەشانە دوورن لە راستییەوە و پشت بە هیچ بەڵگەیەک نابەستن. وەزارەت سیستمێکی وردبینیی زۆر توند بەکاردەهێنێت و مەحاڵە ژمارەیەکی لەو شێوەیە هەبێت." وەزارەتەکە هەڕەشەی گرتنەبەری رێکاری یاساییشی کردبوو بەرامبەر هەر کەسێک کە زانیاریی نادروست لەسەر دامەزراوە ئەمنییەکان بڵاوبکاتەوە.
سەرۆکی ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵی، داوای لێبووردنی کردووە ئەگەر لێدوانەکانی بووبنە هۆی تێگەیشتنی چەواشە و روونیکردەوە کە "مەبەستی سەرەکی لەو قسانە تەنیا جەختکردنەوە بووە لەسەر گرنگیی دروستکردنی بنکەیەکی زانیاریی یەکگرتوو بۆ فەرمانبەرانی دەوڵەت."
ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵی دووپاتیکردەوە کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەسەر بنەمای هاوکاری و تەواوکارییە بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندیی گشتی و پاراستنی شکۆی دامەزراوەکانی دەوڵەت.


