رووداو دیجیتاڵ
گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بە نۆ خاڵ دژایەتیی خۆی بۆ ئەو سەردانە دەردەبڕێت کە بڕیارە عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران بۆ ئەمریکا ئەنجامی بدات و داوا دەکات هەر رێککەوتنێک واژۆ بکرێت ببرێتە بەردەم پەرلەمان بۆ پەسندکردنی و دەشڵێت: "هەموو جۆرە قۆرخکارییەک و هەژموونێکی ئابووری بەسەر سامانی عێراقدا رەت دەکەینەوە و گۆڕینی داگیرکاریی سەربازی لە داگیرکاریی ئابووری مەترسیدارترە."
12ی تەمووزی 2026، گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق کە وابەستەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن، راگەیێندراوێکی نۆ خاڵییان لە دژی سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، وەک پرەنسیپ سەردانی شاندەکە بۆ واشنتن رەتدەکەنەوە.
ئەو گرووپە رایگەیاندووە، پاڵپشتییان بۆ حکومەت لە راوەدوونانی گەندەڵکاران بەو مانایە نییە کە سەرپشککردنێکی کراوەیان هەبێت بۆ سەرجەم سیاسەتەکانی و نابێتە پاساو بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژەگەلێک کە داهاتووی چەندین نەوە ببەستێتەوە بەو کۆمپانیایانەی پەیوەندیی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان بە بەرژەوەندیی "داگیرکەر"ەوە هەیە و دەڵێن: "ئەوە سەلمێندراوە کە هەندێکیان هاوبەشییان لەگەڵ زایۆنیدا هەیە".
گرووپی مقاوەمە ئاماژەی بەوە داوە، بوونی سوپای ئەمریکا لە عێراق داگیرکارییە و دەبێ کاری لەپێشینەی حکومەت کۆتاییهێنان بێت بەو هێزانە بەگوێرەی ئەو خشتەیەی پێشتر راگەیێندراوە.
هەروەها دژایەتیی خۆی بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی و واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ ئەو وڵاتانە نیشاندا کە بە گوتەی ئەو گرووپە دژایەتیی گەلی عێراق دەکەن و دەڵێ: "هەموو جۆرە قۆرخکارییەک و هەژموونێکی ئابووری لە سامانی عێراقدا رەت دەکەینەوە و گۆڕینى داگیرکاریی سەربازی لە داگیرکاریی ئابووری مەترسیدارترە."
لە یەکێک لە خاڵەکانی دیکەدا هاتووە کە "سازشکردن بۆ وڵاتانی خۆبەزلزان نابێت وەک دەستکەوتی حکومەت پێشان بدرێت".
گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق داوای کردووە کەهەر رێککەوتننامە و پەیماننامەیەک کە هەر شاندێکی حکومی بیەوێت واژۆی بکات، دەبێ بخرێتە بەردەم پەرلەمان بۆ ئەوەی پەسند بکرێت.
ئەو گرووپە هۆشداریی داوەتە کۆمپانیاکان کە بە گوتەی ئەوان کار لەسەر ئەوە دەکەن دەست بەسەر ئاسمانی عێراقدا بگرن.
ئەمڕۆ 13ى تەممووزى 2026، شاندێکى حکومەتى عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلى فالح زەیدى، سەردانى ئەمریکا دەکات و چەند یاداشتێکى لێکتێگەیشتن لەو وڵاتە واژۆ بکات.



