رووداو دیجیتاڵ
حەج و عومرەی عێراق بەستەری ئەلیکترۆنیی تایبەت بە پێشکێشکردنی داواکاریی حەج بۆ سێ ساڵ و تەواوکاریی ساڵی 2027 کارا دەکات. مەرجیان ئەوەیە کە داواکارەکە تەمەنی لە 45 ساڵ کەمتر نەبێت و پێشتر سازشی لەسەر ناوەکەی نەکردبێت بۆ کەسی دیکە.
یەکشەممە 12ـی تەممووزی 2026، سامی مەسعوودی، سەرۆکی دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، لە رۆژی دووشەممەوە (13ـی تەممووز) پێشکێشکردنی داواکاری بەشێوەی ئەلیکترۆنی بۆ ئەو کەسانەی خوازیارن حەج بکەن دەستپێدەکات.
ئەو داواکارییە بۆ حاجییانی ساڵانی 2028 و 2029 و 2030 دەبێت، لەگەڵ تەواوکاریی پێشکێشکارانی 2027 کە ماونەتەوە.
دلێر بەرزنجی، بەڕێوەبەری ئەوقافی کەرکووک بە رووداوی راگەیاند، تەواوکاریی پێشکێشکارانی 2027 بەگوێرەی پارێزگاکان پشکیان دەبێت، لە کەرکووک زیاتر لە 600 کەسی دیکە وەردەگیرێن کە دەبنە بەشێک لە پشکی پارێزگاکە کە 1280 کەسن.
سەرۆکی دەستەی باڵای حەج و عومرە مەرجەکانی پێشکێشکردنی داواکاریی حەجکردنی رایگەیاند کە نابێت تەمەنی لە 45 ساڵ کەمتر بێت و ئەو کەسانە لە پێشینە دەبن کە تەمەنیان زۆرترە، هەر کەسێکیش لە پارێزگای خۆی داواکاری پێشکێش بکات، ئەوانەی پێشتر چوون بۆ حەج بە هەر شێوازێک بێت ناتوانن داواکاری پێشکێش بکەنەوە.
هەر کەسێکیش پێشتر ناوی هاتبێتەوە و سازشی کردبێت بۆ کەسێکی دیکە، رێگەی حەجکردنی پێنادرێت، نابێت کەسێک چەند جارێک فۆڕمە ئەلیکترۆنییەکە پڕبکاتەوە، بەڵام ئەوانەی پێشتر چەند جارێک داواکارییان پێشکێش کردووە و ناویان دەرنەچووە، چانسیان زیاتر دەبێت.
ساڵانە پشکی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ حەج نزیکەی 42 هەزار کەس دەبێت، کە پێنج هەزار و 120ـیان پشکی هەرێمی کوردستانن.
کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، ئەوانیش رێکارەکانیان دەستپێکردووە بۆ کاراکردنی بەستەری تایبەت بە پێشکێشکردنی فەریزەی حەج و لە "داهاتوویەکی نزیکدا" کارا دەکرێت.
کاروان ستوونی رایگەیاند، پێشکێشکردنی داواکاری لە هەرێمی کوردستان بۆ تەواوکاریی ساڵی 2027 دەبێت کە کەمتر لە هەزار کەسن و مەرجی تەمەنیش وەک ئەوەی عێراق نییە کە لە 18 ساڵانەوە دەکرێت داواکاری پێشکێش بکرێت.



