رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت پاڵپشتیی لە هەوڵەکانی حکومەت و ئەنجوومەنى دادوەرى کرد لە بنبڕکردنی گەندەڵی و بە پێویستیان زانی ئەو هەڵمەتە بەردەوام بێت، دوور لە مەبەستی سیاسی و تۆڵەسەندنەوە و جەختیان لەسەر بەردەوامبوون لە پرۆسەی سنووردارکردنی چەک بە دەستی دەوڵەت کردەوە.
12ى تەممووزى 2026، هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت بە بەشداریی نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان کۆبوونەوە.
بەگوێرەى راگەیێندراوى هاوپەیمانێتییەکە لەو کۆبوونەوەیەدا تاوتوێی سەردانەکەی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا کرا کە بڕیارە بەرەبەیانیی دووشەممە دەستپێبکات و باس لە شێوازی سوودبینین لە ئەنجامە چاوەڕوانکراوەکانی ئەو سەردانە کرا بۆ بەرژەوەندیی عێراق و بەهێزکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی.
بەپێی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، بەشدارانی کۆبوونەوەکە پاڵپشتیی تەواوی هەوڵەکانی بنبڕکردنی گەندەڵییان کرد کە حکومەت و دەسەڵاتی دادوەری دەستیان پێکردووە، و بە پێویستیان زانی ئەو هەڵمەتە بەگوێرەی یاسا بەردەوام بێت، دوور لە مەبەستی سیاسی و تۆڵەسەندنەوە.
ئەو هاوپەیمانێتییە جەخت لەسەر بەردەوامبوون لە پرۆسەی سنووردارکردنی چەک بە دەستی دەوڵەت و بەهێزکردنی یاسا و فەراهەمکردنی شکۆ و سەروەریی دامەزراوە دەستوورییەکان کرایەوە.
هاوپەیمانێتى بەڕێوەبردنى دەوڵەت داوای کرد کە زمانی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن باڵادەست بێت و جەنگ و بارگرژی لە دۆسیە هەرێمییەکاندا دووربخرێتەوە، و ئامادەیی عێراقیان دەربڕی بۆ ئەوەی کە عێراق ببێتە ناوچەی بەیەکگەیشتنی بەرژەوەندییەکان و پەرەپێدانیان.


