رووداو دیجیتاڵ قاسم عەتا، بەربژێری پۆستی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی عێراق سکاڵاکەی لەدژی پەرلەمان لە دادگەی فیدراڵی پووچەڵ کردەوە و دوو سکاڵای دیکەی رێباز حەملان و عامر خوزاعی وەک دوو بەربژێری دیکەی رەتکراوەی وەزارەتەکان لەلایەن دادگەکەوە دواخرا. رۆژی یەکشەممە، 12ـی تەممووزی 2026، لە خشتەی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، یەکەم دانیشتنی تایبەت بە تاوتوێی ئەو سێ سکاڵایە دیاری کرابوو. بەگوێرەی دادگەی فیدراڵی، قاسم عەتا، بەربژێری پۆستی وەزارەتی ناوخۆ لەسەر داوای خۆی سکاڵاکەی پووچەڵ کراوەتەوە، کە لەکاتی متمانەدان بە کابینەی حکوومەتی عێراق لە 14ـی ئایار لە پەرلەمان، قاسم عەتا وەک بەربژێری رەتکراوە رانەگەیێندرا، بەڵام پەسەندیش نەکرا. قاسم عەتا، کە لەسەر پشکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بەربژێر بوو، لە سکاڵاکەیدا داوای کردبوو رێکارەکانی دەنگدان پێی لە دانیشتنەکەی پەرلەمان بە دروست بناسێنرێت، بەوەی رێژەی ئامادەبوونی پەرلەمانتاران تەواو بووە و دەنگی پێویستیشی هێناوە بۆ متمانە وەرگرتن. بەگوێرەی خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگەی فیدراڵی، دوو سکاڵاکەی دیکە کە رێباز حەملان، بەربژێری رەتکراوەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان و عامر خوزاعی، بەربژێری رەتکراوەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بۆ 10ـی ئابی ئەمساڵ دواخران. رێباز حەملان کە بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان بوو بۆ ئەو پۆستە، لە سکاڵاکەیدا داوای لە دادگەی فیدراڵی کردووە رێکارەکانی دەنگدان پێی و ئەو ئەنجامانەی لەلایەن پەرلەمانەوە راگەیێندراون بە نادروست دابنرێن و لەناو پەرلەمان دەنگدان بکرێتەوە؛ هەروەها داوای کردووە تۆماری تەواوی کۆبوونەوەی پەرلەمانیان پێ بدرێت، کە تێیدا دەنگدانەکە کراوە. عامر خوزاعی، کە بەربژێری لیستی دەوڵەتی یاسا بوو لە سکاڵاکەیدا داوای کردووە رێکارەکانی دەنگدان پێی لە پەرلەمان بە نادروست دابنرێت. 14ـی ئایار لە پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر 14 بەربژێری کابینەی حکوومەت درا، بەربژێری نۆ وەزارەت مابوون کە بەگوێرەی پەرلەمانی عێراق، بەربژێری چوار وەزارەتیان لە دەنگداندا رەتکراونەتەوە و متمانەیان وەرنەگرتووە.