رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دادی عێراق رایدەگەیێنێت، نزیکەی 61 هەزار زیندانی لە چاکسازییەکانیاندا هەن و تائێستا 13 هەزار و 188 کەس بە یاسای لێبووردنی گشتی ئازادکراون.
موڕاد ساعیدی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی دادی عێراق، رۆژی پێنجشەممە 1ی تشرینی یەکەمی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، 32 ناوەندی چاکسازیی سەر بە وەزارەتی دادی عێراق هەیە، کە نزیکەی 61 هەزار زیندانی و بەندکراویان تێدایە.
یاسای لێبووردنی گشتی، لەگەڵ هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی و یاسای گەڕاندنەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیان، بە یەک پاکێج لە رۆژی 21ی کانوونی دووەمی 2025 لە پەرلەمانی عێراق پەسندکران. بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتەکە دەڵێت: "لە دەستپێکی جێبەجێکردنی یاسای لێبووردنی گشتییەوە تاوەکو 27ـی ئەیلوول 2026، کۆی گشتیی ئەو زیندانییانەی لە زیندانەکانی سەر بە وەزارەتی داد ئازادکراون، گەیشتووەتە 13 هەزار و 188 کەس".
سەبارەت بەو کەسانەی لە دەرەوەی یاسای لێبووردن ئازادکراون، گوتەبێژی وەزارەتی داد ئاماژەی بەوە کرد، حەوت هەزار و 149 کەسی دیکە بەپێی بڕیاری جیاوازی دادگەکان ئازادکراون، کە پڕۆسەی ئازادکردنەکەیان ئازادکردنی مەرجدار بووە یان ماوەی سزاکەیان تەواو بووە.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، پێشتر باسی ئازادکردنی 42 هەزار کەسی کردبوو، سەبارەت بە جیاوازیی ئامارەکەی ئەوان و ئەنجوومەنی دادوەری، ئەحمەد لعێبی، گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئامارەکەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی تەواوی دەستگیرکراون دەگرێتەوە بە راگیراون و ئەوانەشی لە وەزارەتی ناوخۆش دەستگیرکراون، بەڵام ئامارەکەی ئێمە تەنیا تایبەتە بەو زیندانییانەی کە لەژێر سەرپەرشتیی وەزارەتی داددابوون."

.jpeg&w=3840&q=75)

