رووداو دیجیتاڵ
حکوومەتی عێراق، یەکەمین پڕۆژەی کەرتی تایبەت بە دەستەبەری سەروەریی عێراق و بە پارەدارکردنی بانکە ئەڵمانییەکان دەستپێدەکات؛ پڕۆژەکە کارگەیەکی گەورەی شووشەیە و بڕی 112 ملیۆن یۆرۆی بۆ تەرخان کراوە.
ساڵح ماهود سەلمان، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق، رۆژی یەکشەممە 12ـی تەممووزی 2026 بە رووداوی راگەیاند، یەکەمین پرۆسەی دابینکردنی دارایی نێودەوڵەتی بۆ پڕۆژەیەکی کەرتی تایبەت بە دەستەبەرێکی سەروەریی عێراقی کۆتایی پێهات. ئەم هەنگاوە بە هاوبەشی لەگەڵ دامەزراوەی AKA و بانکی Commerzbankـی ئەڵمانی کراوە.
بە گوتەی ساڵح ماهود، ئەمە دەستپێکی قۆناخێکی نوێیە لە بەکارهێنانی دەستەبەرە سەروەرییەکان بۆ راکێشانی دارایی و تەکنەلۆژیا و وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی، کە ئامانج لێی توانادارکردنی کەرتی تایبەتە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی بەرهەمهێنان کە کاریگەریی ئابووریی راستییان هەبێت.
وردەکاریی پڕۆژەکە و بڕی پارەدارکردنەکەی
دکتۆر زەید زەیدی، ئەندامی لیژنەی دەستەبەرە سەروەرییەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "پڕۆژەکە بریتییە لە دروستکردنی کارگەیەکی تەواوکاری بۆ بەرهەمهێنانی شووشەی تەخت. ئەمە پڕۆژەیەکی ستراتیژییە لە کەرتی پیشەسازیی بیناسازی و ئامانجی دابینکردنی پێداویستیی ناوخۆ و کەمکردنەوەی هاوردەیە."
دکتۆر زەید زەیدی ئاشکرای کرد کە بڕی پارەدارکردنی پڕۆژەکە 112 ملیۆن یۆرۆیە. سەبارەت بە مەرجە داراییەکانی وەک رێژەی سوود و ماوەی دانەوە، ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی "نهێنیی مامەڵە بازرگانییەکان" وردەکارییەکان رانەگەیێندراون، بەڵام جەختی کردەوە کە پڕۆژەکە مەرجە نێودەوڵەتییەکانی تێدابووە و لەگەڵ کارە لە پێشینەکانی حکوومەت دەگونجێت.
بەگوێرەی زانیارییەکان، کارگەکە لە پارێزگای نەجەف دەبێت، بە توانای بەرهەمهێنانی 800 تۆن شووشە لە رۆژێکدا.
دەستەبەری سەروەری چییە؟
"دەستەبەری سەروەری" (Sovereign Guarantees) پەیماننامەیەکی فەرمییە کە حکوومەت لە رێگەی وەزارەتی داراییەوە دەیداتە کۆمپانیا و بانکە بیانییەکان. بەپێی ئەم دەستەبەرە، ئەگەر لایەنی وەبەرهێنەر نەیتوانی پابەندبوونی دارایی خۆی بدات، ئەوا حکوومەتی عێراق راستەوخۆ لە خەزێنەی دەوڵەت پارەکە دەدات.
هەلی کار و پڕۆژەکانی داهاتوو
راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیران و ئەندامەکەی لیژنەی دەستەبەرە سەروەرییەکان، هاوڕان لەسەر ئەوەی ئەم پڕۆژەیە دەبێتە هۆی رەخساندنی سەدان هەلی کاری راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ. دکتۆر زەید زەیدی گوتی: "ئێستا کارکردن لە پڕۆژەکەدا دەستی پێکردووە."
هەروەها ئاشکرای کرد کە ئەمە تەنیا سەرەتایە و کۆمەڵێک پڕۆژەی دیکەی وەبەرهێنان لە کەرتەکانی وزە و پیشەسازیی خۆراک لەژێر لێکۆڵینەوە و دانوستاندایە، کە هەر کاتێک رێکارە فەرمییەکانیان تەواو بوو، رادەگەیێندرێن.
دکتۆر زەید زەیدی گوتیشی: "ئەم دەستکەوتە ئەنجامی هاوئاهەنگیی نێوان وەزارەتی دارایی عێراق، بانکی بازرگانیی عێراق (TBI) و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانە، کە وەک هەنگاوێکی کردەیی بەرەو بەهێزکردنی متمانەی دامەزراوە داراییە جیهانییەکان بە ئابووریی عێراق هەژمار دەکرێت."



