رووداو دیجیتاڵ
دادگەی تاوانەکانی نەینەوا سزای لەسێدارەدانی بۆ چەکدارێکی رێکخراوی داعش دەرکرد، کە دووکانی ئاسنگەرییەکەی بۆ کۆگاکردنی چەک و تەقەمەنی بەکارهێناوە و بەشداریی لە هێرشەکەی سەر زیندانی بادووشدا کردووە.
رۆژی یەکشەممە، 12ـی تەممووزی 2026، ناوەندی راگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە راگەیێندراوێکدا بڵاوی کردەوە، ئەو چەکدارە دووکانی ئاسنگەریی تایبەت بە چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلی لە بەری چەپی شاری مووسڵ کردبووە کۆگایەک بۆ حەشاردانی چەکی سووک، مامناوەند و بۆمبی چێنراو بە مەبەستی هاوکاریکردنی رێکخراوی داعش.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەو چەکدارە لەگەڵ گرووپەکەی بەشداریی لە هێرشکردنە سەر هێزە ئەمنییەکان و کاروانە سەربازییەکان کردووە و چەندین کردەوەی تیرۆرکردنی ئەفسەر و کارمەندانی ئەمنیی جێبەجێ کردووە.
شەوی 9 لەسەر 10ـی حوزەیرانی 2014ـدا 50 بۆ 100 چەکداری داعش لە ناوچەکانی دەوروبەری گرتووخانەکە نزیک بوونەتەوە لە بازگەی بابولشام و پێکدادان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان روویداوە، تاوەکو ئەوەی شەڕەکە لە گرتووخانەکە نزیک بووەتەوە، پاسەوان و کارمەندانی گرتووخانەکە شوێنەکانیان بەجێهێشتووە، سەرەڕای ئەوەی فەرمانیان پێ کراوە لە شوێنی خۆیان بمێننەوە.
هەروەها لە ساڵی 2021ـدا ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراوی لە گەڕەکی تەئمیم لە بەری چەپی مووسڵ تەقاندووەتەوە، کە بەهۆیەوە چوار هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و چەندین کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەگوێرەی زانیارییەکانی دادگە، ئەو چەکدارە یەکێک بووە لەو کەسانەی بەشداریی لە هێرشکردنە سەر شاری مووسڵ و هەڵکوتانە سەر زیندانی بادووش کردووە، کە بووە هۆی ئازادکردنی زیندانییان و کوشتنی ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانەی لەو زیندانەدا بوون.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری راشیگەیاند، سزاکە بەپێی ماددەی چواری یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر (ژمارە 13ـی ساڵی 2005) دەرکراوە.
رۆژی 23ـی ئایاری 2021، ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە گەڕەکی تەئمیم لە پارێزگای نەینەوا تەقییەوە و بەهۆیەوە چەندین هاووڵاتی بوونە قوربانی.
هەر ئەوکات شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاندبوو، توانیویانە ئەو گرووپە تیرۆریستییە بدۆزنەوە، کە بەرپرس بوون لەو کردەوەیە.
ئەو گرووپە لە سێ چەکدار پێکهاتبوون و حەشارگەکەیان دۆزراوەتەوە، کە تێیدا ئۆتۆمبێلەکەیان بۆمبڕێژ کردووە. تیرۆریستەکان بوتڵی ئۆکسیجێنی ساردکەرەوە (سپلیت)، بوتڵی گاز و بەنزینیان بۆ تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلەکە بەکارهێناوە بۆ ئەوەی زۆرترین زیان بە خەڵکی مەدەنی بگەیێنن.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی گوتبووی، بکەرانی ئەو کردەوەیە لەو بنەماڵانەن کە ناسراون بە دڵسۆزییان بۆ رێکخراوی داعش و پێشتریش بەپێی ماددەی چواری تیرۆر داواکراو بوون. دوای دەستگیرکردنیشیان، لەبەردەم دادوەر دانیان بە تاوانەکانیاندا نابوو.



