رووداو دیجیتاڵ
روانگەی عێراقی سەوز داوا دەکات بەهۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی پلەی گەرما و بۆ پاراستنی سەلامەتیی گشتی، لە رۆژانی داهاتوودا کاژێرەکانی دەوامی فەرمی لە دامودەزگاکانی دەوڵەت کەم بکرێنەوە.
عومەر عەبدولەتیف، ئەندامی روانگەی عێراقی سەوز ئەمڕۆ یەکشەممە 12ی تەممووزی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، شەپۆلێکی گەرما بەڕێوەیە و 50 پلەی سیلیزی تێدەپەڕێنێت، ئەوەش کاریگەریی خراپ لەسەر هاووڵاتییان دروست دەکات، بەتایبەتی بەساڵاچووان، منداڵان، ژنان و ئەو کەسانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە، جگە لەو فەرمانبەرانەی لە کەرتی حکومی و تایبەت کار دەکەن، بۆیە پێویستە لە بەغدا و پارێزکانی باشووری عێراق رێکاری پێویست بگیرێتەبەر و دەوامی فەرمانگەکان کەمبکرێتەوە.
ئەندامەکەی روانگەی عێراقی سەوز داوادەکات داوامی فەرمانگەکان بکرێتە 07:00ی بەیانی تاوەکو 01:00ی دوای نیوەڕۆ، هەروەها بە پێویستی دەزانێ بۆ کرێکارانیش کە لەبەر رۆژدا کار دەکەن، لە کاژێر 5 ئێوارە تاوەکو نیوە شەو کار بکەن.
هەر لەوبارەوە، روانگەکە، ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ی تەممووزی 2026، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە داوا دەکات دەوامی فەرمی تاوەکو کاژێر 13:00 بێت لەبری ئەوەی تاوەکو کاژێر 15:00 بەردەوام بێت و پێیوایە ئەم رێکارە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی گوشار لەسەر تۆڕی کارەبای نیشتمانی و کەمکردنەوەی دەرچوونی گازە کاربۆنییەکان، هاوکات رێگری دەکات لەو مەترسییە تەندروستییانەی بەهۆی شەپۆلی گەرماوە دروست دەبن.
روانگەکە، داوای پەیڕەوکردنی سیستمی "کاری نەرم" و "کارکردن لە دوورەوە" دەکات، بۆ ئەو فەرمانبەرانەی کە پێویستییان بە ئامادەبوونی مەیدانی نییە. هەروەها داوا دەکات کەرتی تایبەت پابەند بکرێت بە دابینکردنی ژینگەیەکی کارکردنی سەلامەت و کەمکردنەوەی کارکردنی کرێکاران لە شوێنە کراوەکاندا لە کاتی لووتکەی گەرمادا، کە لەنێوان کاژێر 11:00ی بەیانی تاوەکو 16:00ی ئێوارەیە.
روانگەی عێراقی سەوز ئاماژە بە سوودەکانی کەمکردنەوەی دەوام دەکات و دەڵێت، "کەمکردنەوەی دەوامی فەرمی و کوژاندنەوەی ئامێرە کارەباییەکانی فەرمانگەکان، دەبێتە هۆی زیادبوونی کاژێرەکانی پێدانی کارەبا بە ماڵان، جگە لەوەی هاووڵاتییان لە مەترسیی گەرما لێدان و ماندووبوون دەپارێزێت، بەتایبەتی ئەو کەسانەی بۆ راییکردنی مامەڵەکانیان سەردانی فەرمانگەکان دەکەن."
.jpeg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)

