رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی سندووقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان دەڵێ، عێراق بۆ یەکەمجار چووەتە نێو قۆناخی "کرانەوەی دیمۆگرافی"، ئەمەش دوای ئەوەی رێژەی دانیشتووانی چالاک لەڕووی ئابوورییەوە گەیشتە زیاتر لە 60%.
مەهدی عەللاق، راوێژکاری سندووقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان، رۆژی یەکشەممە 12ی تەممووزی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەرژمێریی گشتیی ساڵی 2024 گەورەترین دەستکەوتی گەشەپێدانە لە سێ دەیەی رابردوودا، چونکە عێراق لە ساڵی 1987ـەوە نەیتوانیبوو سەرژمێرییەکی ئاوا ورد و گشتگیر بکات.
بە گوتەی مەهدی عەللاق، عێراق چووەتە قۆناخێکی دیمۆگرافیی گرنگ کە بە "کرانەوەی دیمۆگرافی" ناودەبرێت؛ ئەم قۆناخەش کاتێک روودەدات کە رێژەی دانیشتووانی تەمەن 15 بۆ 64 ساڵ (ئەوانەی لە تەمەنی کارکردندان) لە هەموو تەمەنەکانی دیکە زیاتر بێت.
راوێژکارەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان روونیکردەوە، ئێستا رێژەی ئەم ئاستی تەمەنە لە عێراق 60%ی تێپەڕاندووە، ئەمەش بەو مانایەیە کە ئەو بەشە چالاکە بژێوی 40%ـەکەی دیکەی دانیشتووان دابین دەکات، بۆیە ئەم قۆناخە وەک "دەرفەتێکی زێڕین" بۆ گەشەی ئابووریی وڵات هەژمار دەکرێت.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ژمارەی دانیشتووان 46 ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە، کە رێژەی 63.7%ـیان تەمەنیان لە نێوان 15 بۆ 64 ساڵە، لە بەرامبەردا تەنیا 4.3%ـی دانیشتووان تەمەنیان لە سەرووی 65 ساڵەوەیە.
ئامارە گشتییەکانی دانیشتووان:
کۆی گشتیی دانیشتووان (عێراقی و بیانی): 46,118,793 کەس.
ژمارەی عێراقییەکان: 45,778,662 کەس.
ژمارەی بیانییەکان لە عێراق: 340,131 کەس.
کۆی گشتیی خێزانەکان: 8,054,385 خێزان.
دابەشبوون بەپێی رەگەز:
رێژەی نێر: 50.2% (23,161,000 کەس).
رێژەی مێ: 49.8% (22,957,000 کەس).
زیاتر لە 7 ملیۆن خێزان لەلایەن پیاوەوە بەڕێوەدەبرێن، لە کاتێکدا 910 هەزار خێزان لەلایەن ژنەوە سەرۆکایەتی دەکرێن.
پێکهاتەی تەمەن و گەنجێتیی کۆمەڵگە:
تەمەنی 0 بۆ 14 ساڵ: 35.9% (16,555,000 کەس)
تەمەنی 15 بۆ 64 ساڵ: 60.4% (27,875,000 کەس)
تەمەنی 65 ساڵ و بەرەو سەر: تەنیا 3.6%ی کۆی دانیشتووان پێکدەهێنن.



