رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەستپاکیی فیدراڵیی عێراق دەستبەسەرداگرتنی بارهەڵگرێکی 8.5 تۆنی لە کەرەستەی پزیشکی و دەرمان رادەگەیێنێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە ویستراوە بە ناوی "بەرهەمی ناوخۆیی" و بەبێ دانی باجی گومرگی لە نێوان کەرکووک و هەولێر تێپەڕێنرێت.
رۆژی شەممە، 11ـی تەممووزی 2026، فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی سەر بە دەستەی دەستپاکی راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی لێکۆڵینەوەی کەرکووک بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەواڵگریی پۆلیسی گومرگ، بۆسەیەکیان لە گومرگی دارەمان لەسەر رێگەی سەرەکیی نێوان کەرکووک و هەولێر دانا، ئەوەش دوای وەرگرتنی زانیاریی ورد لەسەر دەستکاریکردنی زانیارییەکانی بارێکی هاوردەکراو."
لەبارەی وردەکاریی ئۆپەراسیۆنەکە، دەستەی دەستپاکی دەڵێت: "دەست بەسەر بارهەڵگرێکی جۆری (مێرسیدس-ئەکتڕۆس)دا گیراوە کە 8.5 تۆن کەرەستەی پزیشکی و دەرمانی تێدابووە. تۆمەتبارەکان لە بەڵگەنامە فەرمییەکاندا وا نیشانیان دابوو کە ئەو دەرمانانە بەرهەمی ناوخۆیین، بە مەبەستی خۆدزینەوە لە دانی باجی گومرگی و تێپەڕاندنی ئەو دەرمانانەی کە هاوردەکردنیان قەدەخەیە."
بەپێی راگەیێندراوەکە، لەو چالاکییەدا دوو کەس دەستگیرکراون؛ یەکێکیان شۆفێری بارهەڵگرەکە و ئەوی دیکەیان فەرمانبەرێکی گومرگە.
پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە بەپێی ماددەی 340 لە یاسای سزادانی عێراقی رێکخراوە؛ تۆمەتباران و بارە دەستبەسەرداگیراوەکەش رەوانەی بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەی تایبەتمەند کراون بۆ وەرگرتنی رێکاری یاسایی


