رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی بە وەزارەتی دەرەوە، سەرۆکایەتیی ئەرکانی سوپا و دەزگا ئەمنییەکان کرد، بەدواداچوونی ورد بۆ دۆسیەی کوژرانی راوچییەکی عێراقی لە هێزە ئەمنییەکانی کوێتەوە بکەن.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، 11ـی تەممووزی 2026، لە راگەیێندراوێکدا بڵاوی کردەوە، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، وەزارەتی دەرەوە، سوپاسالار و لایەنە ئەمنییە پەیوەندیدارەکانی لە پارێزگای بەسرە راسپاردووە بۆ بەدواداچوونی وردەکارییەکانی رووداوی کوژرانی راوچییەکی عێراقی بە ناوی نەجم عەبدوڵڵا.
سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای گرتنەبەری هەموو رێکارە یاساییەکانی کردووە، بۆ ئەوەی رێگری لە دووبارەبوونەوەی رووداوی لەو شێوەیە بکرێت و ئاماژەی بەوە کردووە، پێویستە گیانی هاووڵاتییان و موڵک و ماڵیان پارێزراو بێت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەرپرسن لە پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان و ژیانی هاووڵاتییان لەو ناوچانەدا.
ماهری عامری، جێگری پارێزگاری بەسرە رۆژی چوارشەممە 8ـی تەممووزی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە 3ـی ئەم مانگەدا هێزە ئەمنییەکانی کوێت دەستیان بەسەر بەلەمێکی ماسیگریی عێراقیدا گرتووە و 5 ماسیگریان دەستگیرکردووە. تاوەکو ئێستا چارەنووسیان نادیارە."
دواتر دەرکەوت لە کاتی دەستگیرکردن ماسیگرێکیان بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی کوێت کوژراوە بە ناوی نەجم عەبدوڵڵا خالید و یەکێکیان بریندار بووە.
خالید سەعالیبی، سەرۆکی دامەزراوەی دەریاوانانی عێراقی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: شەوی پێنجشەممە لایەنی کوێتی ئەو ماسیگرانەی رادەست کردووەتەوە، یەکێکیان بەهۆی تەقەی هێزی پاسەوانی دەریایی کوێتەوە گیانی لەدەستداوە و یەکێکی دیکەشیان بریندار بووە.
بە گوتەی خالید سەعالیبی، ماسیگرەکان لە سنووری ئاوی عێراق لە خور عەبدوڵڵا تەقەیان لێکراوە و دەستگیرکراون کە سەرجەمیان خەڵکی بەسرە بوون.
پێنجشەممە 9ـی تەممووز، ئەو کاتەی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بە سەردانێک لە کوێت بوو، رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی کوێت رەزامەندییان لەسەر ئازادکردنی ئەو ماسیگرە عێراقییانە نیشانداوە و لەگەڵ پارێزگاری بەسرە دەگەڕێنەوە.


