رووداو دیجیتاڵ دوای خۆپێشاندانەکەی دوێنێی دانیشتووانی شاری کوتی سەنتەری پارێزگای واست، لە دژی کەمی کاژێرەکانی پێدانی کارەبا، وەزارەتی کارەبای عێراق پشکی پارێزگاکەی بۆ 1200 مێگاوات زیاد کرد. بەگوێرەی نووسراوێکی فەرمیی وەزارەتی کارەبای عێراق کە رۆژی شەممە، 11ـی تەممووزی 2026 ئاراستەی عەلی حەسەن، پارێزگاری واست کراوە، پشکی پارێزگاکە لە وزەی کارەبا بۆ 1200 مێگاوات بەرزکراوەتەوە. ئەم بڕیارە بە ئامانجی زیادکردنی کاژێرەکانی پێدانی کارەبا و جێگیرکردنی سیستمی کارەبای پارێزگاکە دراوە. لەو نووسراوەدا کە واژۆی عەلی سەعدی وەهیب، وەزیری کارەبا و محەممەد نیعمە عەبدولحوسێن، بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری بەرهەمهێنانی لەسەرە، هاتووە: "لە ژێر رۆشنایی ئەو بڕە سووتەمەنی و گازەی ئێستا لەبەردەستە، پشکی پارێزگای واست بە 1200 مێگاوات دیاریکراوە." وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، هەرچەندە بڕی سووتەمەنی و گاز هەموو پێداویستییەکان پڕ ناکاتەوە، بەڵام هەوڵ دەدەن بە باشترین شێوە سوود لە تواناکان وەربگرن و کاژێرەکانی پێدانی کارەبا جێگیر بکەن. حوسێن جەبار، یەکێک لە چالاکڤانانی پارێزگای واست، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "خۆپێشاندانەکان دوای ئەوە هاتن کە مۆڵەتێکی دیاریکراو بە پارێزگار درا بۆ جێبەجێکردنی دوو داواکاریی سەرەکی؛ ئازادکردنی هەموو دەستگیرکراوەکانی خۆپێشاندانەکانی پێشوو، لەگەڵ جێگیرکردنی پشکی کارەبای پارێزگاکە بە 1500 مێگاوات." ئەو چالاکڤانە رەخنەی لەوە گرت کە وێستگەی زوبەیدییە لەنێو خاکی واستدایە و 2540 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت، بەڵام ئەوان تەنیا داوای 1500 مێگاواتیان کردووە کە تەنیا 12 بۆ 15 کاژێر کارەبایان بۆ دابین دەکات. گوتیشی: "ناکرێت تەنیا دووکەڵ و پاشماوەی وێستگەکە بۆ ئێمە بێت و کارەباکەی بۆ شارەکانی دیکە بێت." سەبارەت بە پێکدادانەکان، حوسێن جەبار گوتی: "دوێنێ هەینی تووشی شۆک بووین بە بینینی ئەو هەموو هێزە جیاوازانەی وەک دژەتیرۆر، هێزەکانی پاراستنی یاسا و پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکان کە بۆ رووبەڕووبوونەوەی خۆپێشاندەران هاتبوون. بەهۆی بەکارهێنانی بۆمبی دەنگی و گازی فرمێسکڕێژ بە شێوەیەکی راستەوخۆ، نزیکەی 15 گەنج بریندار بوون کە برینی هەندێکیان سەختە." عەلی محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی تەندروستیی پارێزگای واست، بە رووداوی راگەیاند، لە خۆپێشاندانەکانی ئێوارەی دوێنێی شاری کوت 51 کەس بریندار بوون، کە زۆربەیان لە هێزە ئەمنییەکانن. بەپێی ئامارەکەی تەندروستیی واست، بریندارەکان بەم شێوەیە دابەشبوون: لە ناوچەی زەهرا 32 کەس، لە کەرامە شەش کەس و لە کوتیش 13 بریندار تۆمارکراون. بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستی ئاماژەی بەوەش کرد، بەشێکی ئەو خۆپێشاندەرانەی بریندار بوون، سەردانی نەخۆشخانەیان نەکردووە.
عێراق11-07-2026دەستەی دەستپاکیی عێراق: هێنانەناوەوەی 8.5 تۆن دەرمانی قاچاخمان لە نێوان کەرکووک و هەولێر پووچەڵکردەوە