رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای کوت- ناوەندی پارێزگای واست بەهۆی خراپی دۆخی کارەبا خۆپێشاندان کرا و رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان روویدا. تەندروستیی پارێزگاکە دەڵێت، 51 کەس برینداربوون و زۆربەیان لە هێزە ئەمنییەکانن. نوێنەرێکی پارێزگاکە لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ، لایەنێکی سیاسیی لەپشتە.
عەلی محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی تەندروستیی پارێزگای واست ئەمڕۆ شەممە 11ی تەممووزی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە خۆپێشاندانەکانی ئێوارەی دوێنی کوت 51 کەس برینداربوونە، کە زۆربەیان لە هێزە ئەمنییەکانن؛ بە شێوەیەک لە ناوچەی زەهرا 32 کەس برینداربوون، لە کەرامە شەش کەس و لە کوتیش 13 بریندار تۆمارکراون.
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی تەندروستی پارێزگای واست ئاماژەی بەوەش کرد، بەشێکی خۆپێشاندەرانیش کە برینداربوون، سەردانی نەخۆشخانەیان نەکردووە.
بەگوێرەی ئەو دیمەنە ڤیدیۆییانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان خۆپێشاندەران و هێزە ئەمنییەکان دروستبووە، لەو کاتەی هێزە ئەمنییەکان هەوڵیاندا بە تەوژمی ئاو و گازی فرمێسکڕێژ بڵاوە بە خۆپێشاندەران بکەن.
چالاکڤانانی واست پێیانوایە ستەمیان لێ دەکرێت، چونکە وێستگەی کارەبای زوبەیدییە، کە یەکێکە لە گەورەترین وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق، دەکەوێتە سنووری پارێزگاکەیانەوە، کەچی پارێزگاکە کاژێرەکانی پێدانی کارەبای زۆر کەمە و زۆربەی بەرهەمی وێستگەکە دەچێتە ناو تۆڕی نیشتمانی بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق.
حوسێن جەبار، یەکێک لە چالاکڤانەکانی پارێزگای واست، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەهۆی خراپبوونی دۆخی کارەباوە، چەند رۆژێکە لە شاری کوت خۆپێشاندان دەستی پێکردووە و گرژیی دروستبووە."
ئەو چالاکڤانە گوتیشی، "پارێزگای واست لە رێگەی وێستگەی زبێدییەوە 2500 مێگاوات کارەبا بەرهەم دێنێت، کەچی ئێستا تەنیا کاژێرێک کارەبای نیشتمانیمان هەیە، لە کاتێکدا پێشتر دوو بۆ سێ کاژێر کارەبا هەبوو."
خۆپیشاندەران داوا دەکەن پشکێکی جێگیر و دادپەروەرانەیان پێ بدرێت لەو کارەبایەی کە لە سنووری پارێزگاکەیاندا بەرهەم دەهێندرێت، بەتایبەت کە پلەی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە. هەروەها داوا دەکەن هەندێک بەرپرسی کەرتی دابەشکردنی کارەبا لە پارێزگاکە لە پۆستەکانیان دووربخرێنەوە.
خۆپێشاندەران چەندین جار رێگەی سەرەکیی نێوان کوت و بەغدا و رێگەکانی دیکەیان بە سووتاندنی تایە داخستووە. ناڕەزایەتییەکان گەیشتووەتە بەردەم باڵەخانەی پارێزگا و فەرمانگەکانی دابەشکردنی کارەبا. لە هەندێک شوێن گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران دروست بووە.
حەیدەر عەلی فەیلی (ئەبوتارا) نوێنەری کۆتای کوردی فەیلی لە پارێزگای واست لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ شەممە 11ی تەممووزی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەشێکی خۆپێشاندانەکان بۆ داواکاری دابینکردنی خزمەتگوزارییە لە سەرووی هەموویانەوە دۆسیەی کارەبا، بەڵام بەشێکی بە هاندانی لایەنێکی سیاسی نێو پارێزگاکە خۆپێشاندان دەکەن."
نوێنەرەکەی واست ئاماژەی بەوەش کرد، بەشێک لە خۆپێشاندەران هەوڵیاندا هەڵبکوتنە سەر فەرمانگەکانی دەوڵەت، بۆیە گرژی دروست بووە.



