رووداو دیجیتاڵ بەرەی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق دەڵێت، بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری چەکەکانیان نابن و کار بۆ پەرەپێدانی زیاتری توانا سەربازی و ئەمنییەکانیان دەکەن. رۆژی هەینی، 10ـی تەممووزی 2026، بەرەی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بە بەشداریی "ملیۆنیی" خەڵک لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی لە نەجەف و کەربەلا کرد و رایگەیاند: "ئەم ئامادەییە نیشانەی ئەوەیە کە گەلی عێراق بەردەوامە لەسەر رێبازی بەرگری دژی خۆبەزلزانانی جیهانی." موقاوەمەی ئیسلامی رایگەیاندووە: "ئێمە لە خاکی پیرۆزەوە جارێکی دیکە رایدەگەیێنین و با هێزەکانی دوژمن بیبیستن کە ئێمە جێگیرین و پابەندین بە رێبازی موقاوەمە، با دوژمنان بزانن کە هێزەکانی بەرەی حەق وەک یەک جەستەن و هیچ شتێک ساردمان ناکاتەوە لە دەرکردنی داگیرکەران لە عێراق و ناوچەکە." سەبارەت بە چارەنووسی چەکەکانیان، کە یەکێکە لە بابەتە جێی مشتومڕەکان لە عێراق، بەرەی موقاوەمە دەڵێت: "چەکەکانمان کە قۆڵی پیاوەکانمانی لە مەیدانەکاندا پێ رازاوەتەوە، هیچ رۆژێک بژاردەیەک نەبووە بۆ سازش، بەڵکو عەقیدە و پەیمانێکە لە ئەستۆمان و ئەمانەتێکی ئایینییە." بەرەی موقاوەمەی ئیسلامی هەڕەشەی پەرەپێدانی تواناکانی دەکات و ئاماژە بەوە دەکات کە "ئێمە لەو ئاستەی ئێستا پێی گەیشتووین ناوەستین، بەڵکو بە هەموو هێزمانەوە کاردەکەین بۆ پەرەپێدانی توانا سەربازی و ئەمنییەکانمان لە رووی چەندێتی و جۆرییەوە؛" باس لەوەش دەکات کە لە ئامادەیی تەواودا دەبن بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل. موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق دەڵێت: "تاوەکو وەهمی ستەمکارەکان تێک نەشکێنین و سەروەریی و شکۆمان نەپارێزین، چاومان ناچێتە خەو و ئۆقرە ناگرین." ئەم هەڵوێستە توندەی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە کاتێکدایە، حکومەتی عێراق دەستی کردووە بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت، لە رێگەی پچڕانی پەیوەندیی گرووپە چەکدارەکانی نێو حەشدی شەعبی بە لایەنە سیاسییەکانەوە و تۆمارکردنی چەک و چەکدارەکانیان. تاوەکو ئێستاش هەریەکە لە سەرایا سەلام، عەسائیب ئەهلی حەق و کەتیبەکانی ئیمام عەلی رایانگەیاندووە کە ئامادەن چەکەکانیان رادەستی دەوڵەت بکەن.
عێراق10-07-2026ئەنجوومەنی باڵای دادوەری: تۆمەتباری دزیی سەدە لە کۆی 1.6 تریلیۆن دینار 365 ملیار دیناری گەڕاندووەتەوە و هەڵاتووە