دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق کەسێکی دەستگیرکردووە کە بازرگانی مادەی هۆشبەر بووە و بە ناوی رۆژنامەڤانی جەنگییەوە مادەی هۆشبەری جۆری کریستاڵی گواستووەتەوە. پێنجشەممە 9ی تەمووزی 2026، ئەرشەد حاکم، گوتەبێژى دەزگاى ئاسایشى نیشتمانیی عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەو بازرگانە وەک رۆژنامەڤانی جەنگی، مادەی هۆشبەرى کریستاڵی لە پارێزگاکانی عێراقەوە گواستووەتەوە بۆ بەغدا و دواتر بەسەر بازرگانە لاوەکییەکاندا دابەشی کردووە. ئەرشەد حاکم رایگەیاند، لە کاتی دەستگیرکردنی ئەو بازرگانەی مادەی هۆشبەر، بڕێک لەو مادەیەی پێگیراوە و چەند ناسنامەیەکی ساختەشی پێبووە کە بۆ هاتوچۆکردن بەکاری هێناون. بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی مادەی هۆشبەر و کارتێکەرە ئەقڵییەکانی عێراق، لە شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا، سێ هەزار و 553 کەس بە تۆمەتی مادەی هۆشبەر سزادراون کە سزای 58 یان لە سێدارەدان بووە. گوتەبێژى دەزگاى ئاسایشى نیشتمانیى عێراق رایگەیاند، لە پارێزگاى زیقار کەسێکى دیکەیان دەستگیرکردووە کە 111 هەزار دەنگ حەبى کاپتاگۆنى پێبووە.