رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن ئینێرجی (HKN)ـی ئەمریکی، گرێبەستێکیان بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی نەوتی حەمرین واژۆ کرد. بەپێی گرێبەستەکە، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەو کێڵگەیە بۆ 140 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا زیاد دەکرێت.
رۆژی پێنجشەممە، 9ـی تەممووزی 2026، بە ئامادەبوونی باسم محەممەد خزەیر، وەزیری نەوتی عێراق، رێوڕەسمی واژۆکردنی گرێبەستەکە لەنێوان کۆمپانیای نەوتی باکوور و کۆمپانیا ئەمریکییەکە بەڕێوەچوو.
وەزیری نەوتی عێراق لە کاتی واژۆکردنی گرێبەستەکەدا رایگەیاند: "واژۆکردنی ئەم گرێبەستە لە چوارچێوەی دیدگەی حکوومەتدایە بۆ وەبەرهێنانی نموونەیی لە کەرتی نەوت و گاز، بە مەبەستی پڕکردنەوەی پێداویستیی نێوخۆ و زیادکردنی هەناردەی نەوت بۆ دەرەوە."
بەگوێرەی مەرجەکانی گرێبەستەکە، کار بۆ گەیاندنی ئاستی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی حەمرین بۆ 140 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا دەکرێت. هاوکات بڕیارە رۆژانە 40 ملیۆن پێ سێجا گازی سروشتیش لە کێڵگەکە بەرهەم بهێنرێت.
سەبارەت بە چارەنووسی گازە بەرهەمهاتووەکە، وەزیری نەوت ئاماژەی بەوە کرد، گازەکە ناسووتێنرێت، بەڵکو بۆ دابینکردنی وزە لە خودی کێڵگەکەدا بەکاردێت و ئەوەی زیادیش بێت، بۆ پاڵپشتیکردنی پەستانی بیرەکان بەکاردەهێنرێتەوە.
باسم محەممەد خزەیر رایگەیاند، حکوومەت هەوڵدەدات کۆمپانیا گەورەکانی جیهان، بەتایبەت ئەمریکی و ئەورووپییەکان رابکێشێت بۆ ئەوەی بە نوێترین ستانداردە جیهانییەکان وەبەرهێنان لە عێراقدا بکەن و گوتیشی: "ئەم پڕۆژەیە دەرفەتی کار بۆ گەنجانی عێراق و کۆمپانیا ناوخۆییەکان دەڕەخسێنێت."
وەزیری نەوتی عێراق پەیامێکی ئاراستەی کۆمپانیا بیانییەکان کرد و رایگەیاند: "ژینگەی وەبەرهێنان لە عێراقدا ژینگەیەکی لەبار و راکێشەرە."
کێڵگەی حەمرین دەکەوێتە سنووری پارێزگای سەلاحەدین. لە 15ـی تەممووزی 2025، وەزارەتی نەوت و کۆمپانیاکە رێککەوتنی سەرەتاییان واژۆ کردبوو، لە 21ـی تشرینی دووەمی 2025، لەسەر داڕشتەی کۆتایی گرێبەستەکە رێککەوتبوون.
کۆمپانیای HKN کە بنکەکەی لە تێکساسە، یەکێکە لە گەورەترین وەبەرهێنەرانی کەرتی تایبەت لە بواری وزە لە عێراقدا.