رووداو دیجیتاڵ لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراقدا، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 9ـی تەممووز بەڕێوەچوو، شەش پەرلەمانتاری نوێ سوێندی دەستوورییان خوارد. ئەم پەرلەمانتارانە شوێنی ئەو پەرلەمانتارانەیان گرتەوە کە لە حکوومەتەکەی عەلی فالح زەیدیدا پۆستی وەزارییان وەرگرتووە. بەگوێرەی راگەیێندراوی فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق، پڕکردنەوەی کورسییە چۆڵەکان دوای ئەوە دێت کە ژمارەیەک پەرلەمانتار چوونەتە نێو دەسەڵاتی جێبەجێکردن یان دەستیان لەکارکێشاوەتەوە. ئەو پەرلەمانتارە نوێیانەی سوێندی یاساییان خوارد و دەستبەکاربوون، پێکدێن لە: بەشار عامج ئیسماعیل، بەربژێری لیستی تەقەدووم لە ئەنبار کە 9776 دەنگی بەدەستهێنابوو، لە شوێنی ئەحمەد کەربوولی دەستبەکاربوو، کە بووەتە وەزیری پیشەسازی. محەممەد فەواز محەممەد زیاب، بەربژێری لیستی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان کە 12 هەزار و 973 دەنگی بەدەستهێنابوو، لە شوێنی عەبدولڕەحیم شەمەری دەستبەکاربوو، کە بووەتە وەزیری کشتوکاڵ. جەمال عەلی عوەید لە لیستی "ئەبشیر یا عێراق" لە بەسرە، کە 2725 دەنگی بەدەستهێنابوو، لە شوێنی مستەفا سەنەد دەستبەکاربوو، کە بووەتە وەزیری گەیاندن. سەڵاح هادی زوهەیری، بەربژێری لیستی بەدر لە دیالە، کە 12 هەزار و 276 دەنگی بەدەستهێنابوو، لە شوێنی موسەنا تەمیمی دەستبەکاربوو، کە بووەتە وەزیری سەرچاوەکانی ئاو. زەهرا جەمیل مەیالی، بەربژێری هاوپەیمانیی هێزەکانی دەوڵەت لە موسەننا، کە 3453 دەنگی بەدەستهێنابوو، لە شوێنی فالح ساری دەستبەکاربوو، کە بووەتە وەزیری دارایی. جاسم محەممەد شەریفی، لە لیستی سادقوون کە 3608 دەنگی بەدەستهێنابوو، لە شوێنی نەعیم عەبوودی دەستبەکاربوو، کە بووەتە سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەمیندارانی خانەی حیکمە. رێوڕەسمی سوێندخواردنی پەرلەمانتارەکان بە ئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران بەڕێوەچوو، تاوەکو دوای تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان، بە فەرمی دەست بە کارە تەشریعی و چاودێرییەکانیان بکەن.