رووداو دیجیتاڵ
رێکار و ئامادەکارییەکان بۆ رێوڕەسمی پێشوازیکردن لە تەرمی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە پارێزگاکانی نەجەف و کەربەلا تەواو کراون. بەم بۆنەیەوە، ئەمڕۆ سێشەممە 7ی تەممووزی 2026 عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دا سبەی چوارشەممە لە تەواوی عێراق پشووی فەرمی بێت.
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، رێوڕەسمەکە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف بە ئامادەبوونی شاندێکی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستپێدەکات.
وردەکارییەکانی پلانی رێوڕەسمەکە:
- رێوڕەسمەکە لە نەجەف لە پردی سەدرەینەوە بەرەو مەزارگەی ئیمام عەلی بە درێژایی 6 کیلۆمەتر دەست پێدەکات. 351 کەژاوە تێیدا بەشدار دەبن.
- رێڕەوی رێوڕەسمەکە لە کەربەلا بە درێژایی 5.8 کیلۆمەتر دەبێت.
- کۆی گشتیی کەژاوە بەشداربووەکان لە هەردوو پارێزگاکەی عێراق 751 دانە دەبن.
پێشبینی دەکرێ نزیکەی 3000 میدیاکاری عێراقی و بیانی رووماڵی رێوڕەسمەکە دەکەن و بۆ ئەو مەبەستەش 23 ناوەندی پەخشی راستەوخۆ (SNG) تەرخان کراون.
خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی و هاتووچۆ
- 150 ئەمبووڵانس لە چوارچێوەی پلانی تەندروستیدا لە نەجەف و کەربەلا ئامادە دەبن.
- پلانێکی تایبەتی هاتووچۆ بۆ هەردوو پارێزگاکە و پارێزگاکانی نزیکیان دانراوە بۆ دڵنیابوونەوە لە جووڵەی ئۆتۆمبێل و ئاسانکاری بۆ بەشداربووان.
یوسف گەناوی، پارێزگاری نەجەف دەڵێ، پارێزگاکە ئامادەیە بۆ پێشوازیکردن لە خەڵکی بەشداربوو ئامادەیە و نەجەف توانای رێکخستنی گەورەترین رێوڕەسمی لەو شێوەیەی هەیە.
عەلی مەیالی، جێگری پارێزگاری کەربەلا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هێنانی تەرمەکە تەنیا بۆ مەبەستی ئایینی و رێوڕەسمی ماڵئاواییە؛ ئاماژەی بەوەشکرد: "تەرمەکە بۆ زیارەتی ئیمام حوسێن و ئیمام عەلی دەهێندرێ و دواتر دەگەڕێندرێتەوە. تەرمەکە پێشوازیی جەماوەری لێدەکرێ، چونکە عەلی خامنەیی رێبەر بوو و شوێنکەوتووی هەیە. شوێنکەوتووانی شیعەش بە سنوورەکانەوە نەبەستراونەتەوە."
بە گوتەی جێگری پارێزگاری کەربەلا، بەرپرسانی باڵای حکومەتی عێراق و ئێران لە رێوڕەسمەکەدا بەشدار دەبن؛ گوتیشی، "لە فڕۆکەخانەی نەجەف پێشوازی لە تەرمەکە دەکرێ و رێوڕەسمی فەرمی و پڕۆتۆکۆڵی بۆ دەکرێ. دوای رێوڕەسمی ماڵئاوایی، بۆ بەخاکسپاردن دەگەڕێندرێتەوە بۆ مەشهەد".
عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران، رۆژی 28ی شوباتی 2026 لە بۆردوومانێکی ئەمریکا و ئیسرائیلدا بۆ سەر نووسینگەکەی لە تاران کوژرا.
عەلی ئەکبەر پوورجەمشیدیان، سکرتێری لیژنەی تایبەتی ماڵئاواییکردن و بەخاکسپاردنی تەرمی عەلی خامنەیی رایگەیاند، ئێوارەی رۆژی سێشەممە تەرمەکە بە فڕۆکە دەگەیێندرێتە شاری نەجەف لە عێراق و رۆژی چوارشەممە دەبردرێتە مەزارگەی ئیمام عەلی لە نەجەف و دواتر مەزارگەی ئیمام حوسێن لە کەربەلا.
محەممەدکازم ئال سادق، باڵیۆزی ئێران لە عێراق دەڵێ، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لەگەڵ شاندێکی باڵای یاوەری کە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش تێیدا دەبێت، بۆ بەشداری لە رێوڕەسمی ماڵئاواییکردن و بەڕێکردنی تەرمی علی خامنەیی و چوار لە ئەندامانی خێزانەکەی سەردانی عێراق دەکەن.
ئاژانسی نیمچە فەرمی میهریش بڵاویکردەوە، جگە لە پزیشکیان، محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و مستەفا خامنەیی، کوڕە گەورەکەی عەلی خامنەییش بۆ بەشداری لە رێوڕەسمەکانی نەجەف و کەربەلا دەچنە عێراق.
بەپێی خشتەی راگەیێندراو لە لایەن لیژنەی تایبەتی ماڵئاواییکردن و بەخاکسپاردنی تەرمی عەلی خامنەیی، رۆژی پێنجشەممە، 9ی تەمموز، تەرمی رێبەری پێشووی ئێران دەگەڕێندرێتەوە ئێران و لە رێوڕەسمێکدا لە شاری مەشهەد بەخاکدەسپێردرێ.
بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرنامەیەکی یەک هەفتەیییان بۆ "ماڵئاوایی، بەڕێکردن و بەخاکسپاردنی" تەرمی عەلی خامنەیی داناوە و پێشبینی دەکەن "ملیۆنان کەس" لە رێوڕەسمەکاندا بەشدار بن.



