رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەستپاکی فیدراڵیی عێراق رایگەیاند، بڕیاری زیندانیکردن بۆ 10 ساڵ بۆ فەرمانبەرێکی وەزارەتی نەوت دەرچووە، کە بە دزینی زیاتر لە ملیارێک دینار لە سامانی گشتی تاوانبارکرا.
دەستەکە ئەمڕۆ سێشەممە 7ی تەممووزی 2026 رایگەیاند، "دادگای تاوانەکانی نەینەوا/ دەستەی یەکەم، بڕیاری سزای 10 ساڵ زیندانیکردنی بۆ فەرمانبەرێکی یەکێک لە وێستگەکانی سووتەمەنیی حکومی لە پارێزگای نەینەوا دەرکرد، کە بڕی 1,174,287,000 دیناری دزیوە."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئەو بڕە پارە دزراوە، کۆی داهاتی فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکانی وێستگەکە بووە لە مانگەکانی ئاب و ئەیلوولی ساڵی 2025."
دەستەی دەستپاکی باس لەوە دەکات، "دادگە دوای وردبینیکردن لەو بەڵگانەی لە دۆسیەکەدا بەدەستهاتوون، بە بەڵگەی تەواو و دروستی زانیون بۆ سزادان، بۆیە بڕیاری کۆتایی خۆی بەسەر تاوانبارەکە بەپێی مادەی 315 لە یاسای سزادانی عێراقی دەرکردووە."



