رووداو دیجیتاڵ
دووشەممە، 6ـی تەممووزی 2026، بەبێ ناو هێنانی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە، پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پرۆژەیاسای دابینکردنی پارە بۆ کڕینی سیستمی بەرگریی ئاسمانی کرد.
پرۆژەیاساکە لەلایەن لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراقەوە ئامادە کراوە، بەڵام ناوی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگەی تێدا نەهاتووە.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو چەکەی وەزارەتی بەرگری بۆ عێراقی دێنێت، دەبێت وەزارەتی پێشمەرگەش بگرێتەوە، چونکە بە سەدان هێرشی مووشەکی و درۆن کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان."
دووبەردانی دەڵێت: "وەک لە دەستووردا هاتووە، دەبێت پێشمەرگەش لە چوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا بێت."
یەکێک لە ئاستەنگە سەرەکییەکانی بەردەم پرۆژەکە، دیاریکردنی جۆری سیستمەکەیە. هێزەکانی نزیک لە ئێران متمانەیان بە چەکی ئەمریکا نییە و لە هەمان کاتدا واشنتن رێگرە لەوەی عێراق سیستمی (S-400)ـی رووسی بکڕێت.
سگەر محەممەداوی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە فراکسیۆنی سادیقون، گوتی: "بەرگریی ئاسمانی گرنگە. لیژنەی دارایی پێشنیازی ئەرێنیی خۆی بۆ دەرچوواندنی ئەم یاسایە داوە و ئەمە هاندەرە بۆ پەسندکردنی."
بەپێی پرۆژەیاساکە، لیژنەیەک لە وەزارەتی بەرگری پێکدەهێندرێت بۆ دانوستاندن لەگەڵ کۆمپانیا تایبەتمەندەکان و پەرلەمانیش لە هەنگاوەکانی گرێبەستەکە ئاگادار دەکاتەوە.
چەند ساڵێک پێش ئێستا، کاتێک دۆخی دارایی عێراق باشتر بوو، گرێبەستێکی بە بڕی 2.6 ملیار دۆلار لەگەڵ کۆریای باشوور بۆ کڕینی سیستمی مووشەکی دژە فڕۆکە واژۆ کرد، بەڵام بەهۆی نەدانی پارەکەوە گرێبەستەکە هەڵوەشایەوە. لە کاتێکدا عێراق بە دۆخێکی سەختی داراییدا تێدەپەڕێت، دابینکردنی سیستمی بەرگریی پێشکەوتوو بۆ پاراستنی ئاسمانەکەی کارێکی ئاسان نابێت


