رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە، 6ی تەممووزی 2026، یەکەمین کۆبوونەوەی خۆی لە وەرزی دووەمی یاسادانانی ساڵی یەکەمی خولی شەشەمی هەڵبژاردن کرد. خوێندنەوەی یەکەم بۆ چوار پێشنیازەیاسا کرا لە بوارەکانی بەهێزکردنی سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی عێراق؛ تەکنەلۆژیا؛ کۆمەڵایەتی و پارێزەرایەتی.
پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پێشنیازەیاسای "بەرەنگاربوونەوەی تاوانەکانی تەکنەلۆژیای زانیاری" کرد. ئامانج لەم یاسایە دانانی سیستمێکی سزادانە بۆ ئەو تاوانانەی لە رێگەی کۆمپیوتەر و تۆڕەکانەوە دەکرێن و زیان بە دامەزراوەکان و تاکەکان دەگەیێنن، هەروەها پاراستنی ژیانی تایبەتیی هاووڵاتییان، ئاسایشی نیشتمانی و سەروەریی وڵات لە هەر هێرشێکی ئەلیکترۆنی.
خوێندنەوەی یەکەم-یش بۆ هەمواری یەکەمی یاسای چاودێریی نەوجەوانان ژمارە 78ی ساڵی 1980 کرا. ئەم هەموارکردنەوەیە بە مەبەستی گونجاندنی یاساکە لەگەڵ گۆڕانکارییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانە، لەگەڵ دامەزراندنی سندووقی پاڵپشتیی نەوجەوانان و گەرەنتیی قەرەبووکردنەوەی ئەو نەوجەوانانەی کە بەهۆی دابەزینی بەهای دراوەوە زیان بەو پارانەیان گەیشتووە کە لە فەرمانگەی چاودێریی نەوجەوانان دانراون.
هەروەها خوێندنەوەی یەکەمیش بۆ هەمواری یاسای پارێزەرایەتی ژمارە 173ی ساڵی 1965 کرا. گرنگترین خاڵەکانی ئەم هەمووارە بریتین لە: دامەزراندنی "پەیمانگەی پارێزەرایەتی" بۆ بەرزکردنەوەی توانای پارێزەران؛ زیادکردنی حەقدەستی پارێزەران و سنووردارکردنی مامەڵە و گرێبەستەکان تەنیا لەڕێگەی پارێزەرانەوە؛ تووندکردنی سزای دەستدرێژیی سەر پارێزەران، چ زارەکی یان هەڕەشە و خستنە ژێر چاودێریی دارایی سەندیکای پارێزەران لەلایەن دیوانی چاودێریی داراییەوە.
دوا پێشنیازەیاسا تایبەت بوو بە "دابینکردنی دارایی بۆ بەهێزکردنی سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی عێراق". ئەم یاسایە بۆ پاراستنی سەروەریی ئاسمانیی عێراقە لە بەرامبەر هەڕەشە نوێیەکان، بەتایبەتی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) و مووشەکە دوورهاوێژەکان. یاساکە چوارچێوەیەکی یاسایی و دارایی دابین دەکات بۆ کڕین و پەرەپێدانی سیستمی پێشکەوتوو و گواستنەوەی تەکنەلۆژیا بۆ ناوخۆی وڵات، بەبێ ئەوەی ئەرکێکی دارایی لە دەرەوەی بودجەی گشتی دروست بکات.
ئەم هەنگاوە دوای ئەو هێرشە درۆنی و مووشەکییانەی ئەم دواییە دێت کە بە ئاسمانی عێراقدا تێپەڕین و وڵاتەکە توانای بەرپەرچدانەوەی نەبوو.
مازن غەریب، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 6ی تەممووزی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:"لە رووداوەکانی شەڕی 40 رۆژەی ناوچەکەدا، عێراق هیچ توانایەکی بەرگریی نەبوو بەرامبەر ئەو درۆن و مووشەکانەی بە ئاسمانەکەیدا تێدەپەڕین، ئەمەش وایکرد بیر لە جێبەجێکردنی بەپەلەی ئەم بابەتە بکرێتەوە."
پڕۆژەیاساکە لە 8 ماددە پێکدێت و ئامانجی "دابینکردنی تەرخانکردنی داراییە بۆ کڕینی سیستمی بەرگریی ئاسمانی؛ ئەمە کڕینی سیستەمەکە، چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی و ئەو دامەزراوانەش دەگرێتەوە کە پەیوەستن بە ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە لەبارەی درۆن، مووشەک و هەموو فڕۆکەیەکی سەربازییەوە."
سەبارەت بەوەی ئایا کڕینی سیستمێکی لەو جۆرە لە کاتێکدا کە عێراق بە قەیرانێکی داراییدا تێدەپەڕێت، بارگرانییەکە زیاتر ناکات، مازن غەریب رایگەیاند، "عێراق لە قەیرانێکی داراییی زۆر قورسدایە." بەڵام پێویستیی پاراستنی ئاسمانی وڵات پاڵنەرێکی سەرەکییە بۆ ئەم هەنگاوە.
پێشتر مشتومڕ لەسەر کڕینی سیستمی بەرگری لەنێوان ئەمریکا و رووسیا لە ئارادابووە. مازن غەریب، پێیوایە، یاساکە رێگە خۆش دەکات بۆ ئەوەی گرێبەست لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە بکرێت کە لەسەر ئاستی جیهان "سەرکەوتنیان سەلماندووە." گوتیشی: "لیژنەیەک لەلایەن حکومەتەوە بۆ کڕین و گرێبەستەکان پێکدەهێندرێت و ئێمەش چاودێریی دەکەین؛ ئەگەر هەر لیژنەیەک گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەک بکات کە سەرکەوتوو نەبێت، بێگومان دەستوەردان دەکەین و رێگەی پێنادەین، چونکە بودجەیەکی گەورەی پێویستە."
یەکێک لە خاڵە جێی سەرنجەکانی پڕۆژەیاساکە ئەوەیە کە هیچ ئاماژەیەک بە پشکی وەزارەتی پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان نەکراوە. ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئاماژەی بەوە کرد: "بێگومان، هەر بابەتێک بێتە پەرلەمان، ئێمە رەشنووسی یاساکە بۆ هەرێمی کوردستان و راوێژکارە یاساییەکانمان دەنێرین، تاوەکو بزانین چی لە بەرژەوەندیی کورد و هەرێمی کوردستاندایە بۆ ئەوەی جێگیری بکەین."هەروەها لە خوێندنەوەی دووەمدا دەتوانن ئەو ماددانەی بۆ هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان پێویستن، جێ بکەنەوە.



