رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لێکۆڵینەوە لەبارەی توانای بەکارهێنانی کارتی نیشتمانی لەگەڵ کارتی بایۆمەتری بۆ دەنگدان لە هەڵبژاردنی داهاتوو دەستپێدەکات و بڕیاری دا داوا لە وەزارەتى ناوخۆ بکات زانیارییان بۆ تاقیکردنەوە پێ بدات. گوتەبێژی کۆمیسیۆنەکە دەڵێت، ئەو هەنگاوە لە قۆناخى لێکۆڵینەوەدایە و پێویستی بە هاوئاهەنگییە لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ.
دووشەممە 6ی تەمووزی 20269، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە راگەیێنراوێکدا رایگەیاند، لیژنەی سەرپەرشتیاری تایبەت بە سوودوەرگرتن لە کارتی نیشتمانی لەگەڵ کارتی بایۆمەتری بۆ دەنگدان کۆبووەتەوە، کە تێیدا ژمارەیەک کەسانی تەکنیکی و پسپۆڕ تاوتوێی چۆنێتی سوودوەرگرتنیان کردووە لە کارتی نیشتمانی یان تێکەڵکردنی لەگەڵ زانیارییەکانی کارتی بایۆمەتری بۆ دەنگدان.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێستا ئەو پرسە لە قۆناخی لێکۆڵینەوەدایە بۆ ئەگەری بەکارهێنانی کارتی نیشتمانی بۆ دەنگدان لەگەڵ کارتی بایۆمەتری بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، هەروەها کۆبوونەوەی لیژنەی تەکنیکی بۆ پێشکێشکردنی توێژینەوەیەک بووە بۆ بەکارهێنانی کارتی نیشتمانی لەگەڵ کارتی بایۆمەتری لە هەڵبژاردنی داهاتوودا".
ئێستا تەنیا ئەو کەسانە دەتوانن لە هەڵبژاردنەکاندا بەشدار بن کە کارتی بایۆمەتریی دەنگدانیان هەیە. لە کۆی 30.3 ملیۆن کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان کە مافی دەنگدانیان هەیە، 21.4 ملیۆنیان کارتی بایۆمەتریان هەیە و دەتوانن دەنگ بدەن.
جومانە غەلای رایگەیاند، شێوازی بەکارهێنانی کارتی نیشتمانی بۆ دەنگدان پێویستی بە هاوئاهەنگییە لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی کۆمیسیۆن، لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاردراوە داوا لە وەزارەتی ناوخۆ بکرێت پێویستییە تەکنیکییەکانیان پێ بدەن بۆ ئامادەکاری بۆ تاقیکردنەوەیەکی گونجاوی ئەو هەنگاوە.



