رووداو دیجیتاڵ
لە ساڵی 2025ـدا لە 15 پارێزگای عێراق و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 25 هەزار مۆڵەتی باڵەخانەی نوێ دراوە کە تێچووی خەمڵێندراویان 2.7 تریلیۆن دینار بووە. ئامارەکە بەراورد بە ساڵی 2024 بە رێژەی 11.4% کەمی کردووە.
ئەو ئامارە بەشێکە لە راپۆرتی دەستەی ئاماری عێراق بۆ کەرتی خانووبەرە کە لە ساڵی 2025 تۆمارکراوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، ژمارەی ئەو مۆڵەتانەی دروستکردنی باڵەخانە و خانوو، هەروەها نۆژەنکردنەوە کە پار تۆمارکراون گەیشتووەتە 25 هەزار و 934 مۆڵەت. ئامارەکە لە ساڵی 2024ـدا 29 هەزار و 279 مۆڵەت بووە، واتە 11.4% کەمی کردووە.
راپۆرتەکە هۆکاری ئەم کەمبوونەوەیەی مۆڵەتی باڵەخانە و خانووی گەڕاندووەتەوە بۆ راگرتنی قەرزی نیشتەجێکردن لەلایەن زۆربەی بانکە حکومی و تایبەتەکانەوە.
تێچووی خەمڵێندراوی ئەو باڵەخانە و خانووانەی پار دروستکراون گەیشتووەتە دوو تریلیۆن و 728 ملیار دینار، کە 3.2% بەراورد بە ساڵی 2024 کەم بووەتەوە، کە ئەو کات تێچووەکەی دوو تریلیۆن و 819 ملیار دینار بووە.
بەغدا زۆرترین مۆڵەتی دروستکردنی تۆمارکردووە کە چوار هەزار و 460 مۆڵەت بووە، کە 17.2٪ـی تێکڕای ئەو مۆڵەتانە بووە لە عێراق و تێچووی خەمڵێندراوی 807 ملیار و 709 ملیۆن دینار بووە. بەسرە لە ریزبەندی دووەم بووە کە سێ هەزار و پێنج مۆڵەت بووە کە 11.5%ـی تێکڕای مۆڵەتەکان بووە و تێچووی خەمڵێندراوی 338 ملیار و 289 ملیۆن دینار بووە. پارێزگای کەربەلا لە ریزبەندی سێیەمە کە دوو هەزار و 481 مۆڵەتی تێدا دراوە و 9.5%ـی تێکڕای مۆڵەتەکان بووە و بڕی پارەی تێچووی خەمڵێندراوی 242 ملیار و 767 ملیۆن دینار بووە.
لەو 15 پارێزگایەی کە راپۆرتەکە گرتوویەتییەوە، کەرکووک لە ریزبەندی پێش کۆتاییە و کەمترین مۆڵەتی باڵەخانە و خانووی هەبووە کە 562 دانە بووە. کۆتایی ریزبەندییەکە پارێزگای سەلاحەدینە کە مۆڵەتی 231 بینا وەرگیراوە.
پار مۆڵەتی 31 باڵەخانەی بازرگانی لە 15 پارێزگای عێراق و ناوچە کوردستانییەکان دراوە کە لەسەر رووبەری 27 هەزار و 221 مەتر دروست کراون کە 129 شوقە بوون و تێچووی خەمڵێندراوی بە 11 ملیار و 74 ملیۆن و 550 هەزار دینار دیاریکراوە کە دەکاتە نزیکەی 7.3 ملیۆن دۆلار.
کەربەلا لە ریزبەندی یەکەمدایە لەسەر ئاستی عێراق لە رووی مۆڵەتی باڵەخانەی بازرگانییەوە کە نۆ مۆڵەت بووە. کەرکووک لە ریزبەندی دووەمدایە بە هەشت مۆڵەتی ئەو جۆرە باڵەخانانە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، لەوەی پەیوەندارە بە باڵەخانەی بازرگانی بۆ ساڵی 2025، کەرکووک لە ریزبەندی یەکەمدایە لە رووی زۆرترین رووبەری ئەو باڵەخانانە کە نۆ هەزار و 889 مەتر دووجایە؛ هەروەها کەرکووک لە ریزبەندی یەکەمە لە رووی زۆرترین ژووری باڵەخانەکان کە 193 ژوور بووە، لەگەڵ زۆرترین ژمارەی دووکان کە 53 دووکانە، هەروەها لە رووی تێچووی خەمڵێندراویشەوە لە ریزبەندی یەکەمدایە کە تێکڕای باڵەخانە بازرگانییەکانی چوار ملیار و 450 ملیۆن و 50 هەزار دینارە.
لە سەرانسەری عێراق لە ساڵی 2025 ژمارەی ئەو مۆڵەتانەی وەک باڵەخانەی ئایینی دراون سێ دانە بوون؛ دووانیان لە بەغدا و یەکێکیان لە نەینەوا بووە. مۆڵەتی 132 باڵەخانەی تەندروستی دراوە و مۆڵەتی یەک باڵەخانەی کەلتووری دراوە.
تێچووی خەمڵێندراوی باڵەخانە تەندروستییەکان 42.2 ملیار دینار بووە؛ باڵەخانە کەلتوورییەکەش تێچووەکەی 1.8 ملیار دینار بووە و باڵەخانە ئایینییەکانیش تێچوویان 682 ملیۆن و 800 هەزار دینار بووە.
پار مۆڵەتی 32 کارگە و پێنج کۆمەڵگەی پیشەسازی دراون، لەگەڵ شوێنی نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوە.




