رووداو دیجیتاڵ
لە بەغدا ئاگرێکی گەورە لە چەند کۆگەیەکدا کەوتووەتەوە و پەیامنێری رووداو دەڵێت، بەهۆیەوە 11 کەس بریندار و تەنگەنەفەس بوون.
بەگوێرەی زانیارییەکانی زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری رووداو، ئاگرەکە لە باڵەخانەیەکی چەند نهۆمیدا کەوتووەتەوە و ژمارەیەک کۆگە سووتاون. تیمەکانی بەرگریی شارستانی گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە دەدەن، بەڵام تاوەکو ئێستا کۆنترۆڵ نەکراوە.
بەشێک لە کۆگاکان تایبەتن بە بۆیاخ و ماتۆڕ، بەو هۆیەوە زوو زوو هاوڵاتیان گوێیان لە دەنگی تەقینەوە لە نێو کۆگاکاندا دەبێت.
پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوەش کرد، لەو 11 کەسە، 7 کەسیان گەیێندراونەتە نەخۆشخانە و 4 کەسیشیان تەنگەنەفەس بوون و هەر لەوێ چارەسەری پێویستیان وەرگرتووە. هەروەها کارمەندێکی بەرگریی شارستانیش لە کاتی هەوڵدان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە دا، تووشی تەنگەنەفەسی بووە.
لەبارەی هۆکاری رووداوەکەشەوە، شاهێدحاڵێک قسەی بۆ رووداو کردووە و دەڵێت، هۆکاری ئاگرەکە شۆرتی کارەبایە.


