رووداو دیجیتاڵ حەسەن کوردی یان حەسەن کۆیی، ئەو کەسەیە کە دەگوترێت بازرگانێکی کوردە و لە دۆسیەی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوتی عێراق ناوی هاتووە. رووداو لە رێگەی چەند سەرچاوەیەکی بەرپرس لە سەلاحەدین و بەغدا زانیویەتی کە ئەو بازرگانە لەگەڵ برایەکیدا لە نێوان ئەو دوو پارێزگایە هاتووچۆیان کردووە و پڕۆژەی جیاوازیان لە کەرتی خانووبەرە و پاڵاوگە هەبووە و نزیک بوون لە سەرۆک لیستێکی عەرەبی. حەسەن و محەممەدی برای، دوو لەو کەسانەن کە لە دۆسیەی گەندەڵیی عەدنان جومەیلی ناویان دەهێنرێت کە لە 30ـی ئایار دەستگیرکرا و بەدوایدا چەند پەرلەمانتارێک و پارێزگاری پێشووی سەلاحەدین و سەرۆک لیستێک دەستگیرکران. سەرچاوەیەک لە ئیدارەی خۆجێیی سەلاحەدین کە لەبەر هەستیاریی دۆسیەکە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، بە رووداوی گوت: "چەند جارێک حەسەن و محەممەدی برایم بینیوە، بە حەسەن کوردی و حەسەن کۆیی ناویان دەبرد، هەندێک لە پڕۆژەکانیان بە ناڕاستەوخۆ دەکرد و بە ناوی خۆیانەوە نەبووە." زۆربەی ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی عەدنان جومەیلی کرابوون، پەیوەندیدار بوون بە پڕۆژەکانی کەرتی پاڵاوتن، بەو پێیەی بریکاری پێشووی وەزارەت بووە بۆ کاروباری پاڵاوتن. سەرچاوەکەی پارێزگای سەلاحەدین گوتی: "ئەو دوو برایە گەنج بوون، لەدایکبووی ساڵانی 1992 و 1994 بوون، لە کەرتی خانووبەرە و پاڵاوگە کاریان دەکرد، بەڵام حەسەن ناودار و چالاکتر بوو." ئەستێرەی ناوبانگی حەسەن کوردی لە کاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2025 گەشایەوە، بەتایبەت لە سنووری پارێزگای سەلاحەدین. بەرپرسێکی کورد لە سەلاحەدین بە رووداوی گوت: "حەسەن کوردی لەگەڵ موسەننا سامەرایی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم کاری دەکرد، سەرپەرشتیاری هەڵمەتی راگەیاندنی هەڵبژاردنی نەبوو، بەڵام پاڵپشتیی لیستەکەی دەکرد لە سەلاحەدین." بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، یەکێک لەو پڕۆژانەی سنووری پارێزگای سەلاحەدین کە گومان دەکرێت ئەو دوو برا کوردە خاوەنی بن، تایبەت بووە بە دروستکردنی چوار هەزار یەکەی نیشتەجێبوون، بەڵام بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ سەرپەرشتییان کردووە و بەهۆی کێشەی یاساییەوە لێیان وەرگیراوەتەوە. لیستە سوننەکەی موسەنا سامەرایی، لە هەڵبژاردنی 2025ـی پەرلەمانی عێراق 17 کورسیی بەدەستهێنا، کە دووانیان لە سنووری پارێزگای سەلاحەدین بوون. ئەو سەرکردە سوننەیە بەرەبەیانی 28ـی حوزەیران بە تۆمەتی گەندەڵی لە بەغدا دەستگیرکرا. حەسەن کوردی و براکەی زۆربەی کاتەکان لە بەغدا نیشتەجێ بوون، زۆر هاتووچۆی پارێزگای سەلاحەدینیان کردووە، ئەگەرچی دانیشتووی هیچ کام لەو دوو پارێزگایە نەبوون. رووداو کەسێکی دواند کە لە نزیکەوە حەسەن کوردیی بینیوە، ئەو گوتی: "شێوازی قسەکردنی لە سنووری هەولێر و کۆیە دەچوو، کوڕێکی زیرەکە، ئاگاداری زۆر وردەکاریی کایەی حکومەت بووە، بەڵام ئەوەی نەدرکاند لە چی بوارێک دا کار دەکات." رووداو ژمارە تەلەفۆنی حەسەن کوردی دەست کەوت، لە کاتی پەیوەندیکردن پێوەی دەڵێ: "ژمارەکە نەناسراوە"، ئەو ژمارەیە هەموو جۆرە پەیوەندییەکیشی لەگەڵ ئەپڵیکەیشنەکانی واتسئەپ و تێلیگرام و ڤایبەرەوە نەماوە. ئەو سێ بەرپرسەی کە رووداو قسەی لەگەڵ کردوون، لەسەر ئەو زانیارییە کۆک بوون کە "حەسەن کوردی لە عێراق نەماوە."
عێراق05-07-2026دەستەی دەستپاکیی عێراق چەند پێشنیازێک بۆ باشترکردنی کارەبای موەلیدە ئەهلییەکان دەخاتەڕوو