رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ کۆمپانیای هالیبەرتۆنی ئەمریکی گرێبەستێکی واژۆ کرد بۆ ئەوەی لە ماوەی پێنج ساڵدا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز لە کێڵگەکانی (بن عومەر) و (سندیباد) بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکەن.
رۆژی یەکشەممە، 5-7-2026، لە ژێر چاودێریی باسم محەممەد خوزەیر عەبادی، وەزیری نەوتی عێراق، کۆمپانیای نەوتی بەسرە و کۆمپانیای هالیبەرتۆنی ئەمریکی گرێبەستێکی "بەڕێوەبردنی گشتگیر"یان بۆ هەردوو کێڵگەی بن عومەر و سندیباد واژۆ کرد.
نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی نەوتی عێراق بە رووداوی راگەیاند، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پلانی حکومەت و وەزارەتی نەوتە بۆ زیادکردنی تواناکانی بەرهەمهێنان، ماوەی گرێبەستەکەش پێنج ساڵ دەبێت.
بەپێی پلانی گرێبەستەکە، بڕیارە لە ماوەی پێنج ساڵدا گۆڕانکاریی گەورە لە ئاستی بەرهەمهێناندا بکرێت، بە جۆرێک لە کێڵگەی بن عومەر، بەرهەمی نەوتی خاو دەگەیێندرێتە 150 هەزار بەرمیل لە رۆژێک دا، لەگەڵ بەرهەمهێنانی 300 ملیۆن پێ سێجا گازی هاوەڵ. هەروەها لە کێڵگەی سندیباد، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ 80 تاوەکو 100 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا زیاد دەکرێت، بڕی گازی هاوەڵیش بۆ 240 تاوەکو 260 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا بەرز دەکرێتەوە.
باسم عەبادی، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، عێراق بەردەوام دەبێت لە واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییە گەورەکان، بەتایبەتی کۆمپانیا ئەمریکییەکان. ستایشی رۆڵی کۆمپانیای هالیبەرتۆنیشی کرد کە لە ساڵی 2003ـەوە لە عێراق کار دەکات و خاوەن ئەزموونێکی زۆرە لەو بوارەدا.
ئەم رێککەوتنە لە کاتێکدایە کە لە چەند رۆژی رابردوو دا، وەزارەتی نەوتی عێراق گرێبەستێکی دیکەی لەگەڵ کۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمریکی واژۆ کرد بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی نەوتیی "رۆژئاوای قوڕنە 2".



