رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەستپاکیی فیدراڵیی عێراق ئاماری کار و چالاکییەکانی مانگی رابردووی بڵاوکردەوە و رایدەگەیێنێت، لە تەواوی پارێزگاکاندا 157 دۆسیەی جیاوازیان لەبارەی گەندەڵییەوە هەبووە و 59 کەسیشیان بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیر کردووە.
رۆژی یەکشەممە 5ی تەممووزی 2026، دەستەی دەستپاکیی عێراق لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، لە ماوەی مانگی حوزەیراندا، فەرمانگە و نووسینگەکانی لێکۆڵینەوە لە پارێزگاکان 157 پرۆسەیان جێبەجێ کردووە؛ لەو چوارچێوەیەدا لە 29 پرۆسەدا 59 تۆمەتبار دەستگیرکراون. هەر بەپێی ئامارەکە، 128 پرۆسەی دیکەش تایبەت بوون بە دەستبەسەرداگرتنی دۆسیە و بەڵگەنامەکان.
دەستەی دەسپاکیی فیدراڵی، کە بەرپرسە لە رێگریکردن و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و لێکۆڵینەوە لە کەیسەکانی گەندەڵیی دارایی و کارگێری، ئەرکی گێڕانەوەی سامانی گشتیی تاڵانکراو و چاودێریکردنی دارایی بەرپرسانیشی لە ئەستۆیە.
بەپێی داتاکان، پارێزگای سەلاحەدین بە 20 پرۆسە لە پلەی یەکەمی پارێزگاکاندایە، دوای ئەویش پارێزگای قادسیە بە 18 پرۆسە و هەریەک لە نەجەف و بەسرە بە 16 پرۆسە دێن.
لە پارێزگای کەرکووک، لە ماوەی مانگی رابردوودا 13 پرۆسەی جۆراوجۆر کراون، کە 3ـیان پرۆسەی دەستگیرکردن بوون و لە ئەنجامدا 9 تۆمەتبار دەستگیرکراون، هەروەها لە 10 پرۆسەی دیکەدا دەست بەسەر دۆسیە و بەڵگەنامەکاندا گیراوە.
ئاماری پارێزگاکانی دیکە بەم شێوەیە بووە:
- دیالە: 15 پرۆسە و 14 تۆمەتبار دەستگیرکراون.
- کەربەلا: 12 پرۆسە و 6 تۆمەتبار دەستگیرکراون.
- بەغدا: 5 پرۆسە ئەنجامدراون و 6 تۆمەتبار دەستگیرکراون.
- ئەنبار: 9 پرۆسە و 7 تۆمەتبار دەستگیرکراون.
- نەینەوا: 7 پرۆسە و 2 تۆمەتبار دەستگیرکراون.
کەمترین چالاکییەکانی دەستەی دەسپاکی لە هەریەک لە پارێزگاکانی موسەننا و بابل تۆمارکراون، کە لە هەر یەکێکیان تەنیا یەک پرۆسەی دەستبەسەرداگرتنی بەڵگەنامەی تێدا کراوە و هیچ تۆمەتبارێک دەستگیر نەکراوە.
ئەمە ئامارەی دەستەی دەستپاکی عێراق دوای هەفتەیەک دێت لە (هەڵمەتی بەرەبەیان)، کە عەلی فالح زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق دژی گەندەڵی رایگەیاند.
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممەی رابردوو، هێزێکی هاوئاهەنگی دژە تیرۆر، سوپا و دەستەی دەستپاکیی عێراق ئۆپەراسیۆنێکی فراوانیان لە بەغدا و چەند پارێزگایەکی دیکە بە ناوی هەڵمەتی بەرەبەیان کرد.
لە (هەڵمەتی بەرەبەیان)دا، 21 بەرپرس و پەرلەمانتار دەستگیرکران، کە 13یان پەرلەمانتاری ئەم خولەن. هەروەها دوو بریکاری وەزارەتی نەوت لە نێو دەستگیرکراوەکاندا بوون.
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بڵاوکراونەتەوە و هەروەها ئەو زانیاریانەی رووداو لە سەرچاوەی جیاوازەوە دەستیکەوتوون، تەنیا لەنێو ماڵی پێنج تۆمەتباردا دەست بەسەر زیاتر لە 22 ملیۆن دۆلار و 124 ملیار دیناردا گیراوە.
سەرچاوەیەکی باڵا لە حکومەتی عێراقیش بە رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا دەست بەسەر 200 ملیار دینار و 100 کیلۆ زێڕی تۆمەتبارەکاندا گیراوە.



