رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی (روانگەی عێراقی سەوز) دەڵێ، هەر رۆژێک کە پلەی گەرما سەروو 50 پلە بێت، 150 ملیۆن دۆلار زیان بە عێراق دەگات. ئەندامێکی رێکخراوەکە ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەری چۆڵکردنی هەندێک شاری عێراق هەیە. وەزارەتی ژینگەی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، "وەزارەتی ژینگە بەردەوامە لە جێبەجێکردنی ئەو بەرنامانەی ئامانجیان گونجاندنە لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا، ئەویش لە رێگەی زیادکردنی رووبەری سەوزایی، کەمکردنەوەی دەرهاویشتەی گازە زیانبەخشەکان و پاراستنی سەرچاوە سرووشتییەکان."
عومەر عەبدولەتیف، ئەندامی رێکخراوی (روانگەی عێراقی سەوز)، ئەمڕۆ یەکشەممە 5ی تەممووزی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەگەر رێکاری پێویست نەگیرێتەبەر، گرفتە ژینگەییەکان چارەسەر نەکرێن و دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێ، تاوەکو 50 ساڵی دیکە ئەگەر هەیە سێ شاری عێراق لە دانیشتووان چۆڵ بن،ئەوانیش بریتین لە بەسرە، مەیسان و بەغدا.
ئەندامەکەی رێکخراوی (وانگەی عێراقی سەوز) ئاماژەی بەوە کرد، "پلەی گەرما لە بەسرە و مەیسان بەرزە، گازێکی زۆر دەردەچێ و دەسووتێ کە ئەوەش قەتیسبوون دروست دەکات؛ هەروەها سەوزایی کەمە. هەربۆیە ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت و چارەسەر نەکرێ، پەنجا ساڵی دیکە دانیشتووانەکەیان بە ناچاری کۆچ دەکەن."
عومەر عەبدولەتیف گوتی، لە بەغدا خانووەکان بە بلۆک دروستکراون لەبری خشت، زۆربوونی باڵەخانە کۆنکرێتییەکان گەرما لە خۆیاندا کۆدەکەنەوە و شەوان دەیدەنەوە، هەروەها ئۆمبێلی زۆر، موەلیدە و کەمی سەوزاییش ئەگەری بەرزبوونەوەی زیاتری پلەی گەرما و چۆڵبوونی لێدەکرێ.
سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، ئەندامەکەی رێکخراوی (روانگەی عێراقی سەوز) باسی لەوە کرد، "دۆخی هەرێمی کوردستان بەراورد بە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق زۆر باشترە و مەترسی ئەوتۆی نییە، بەهۆی ئەوەی کارەبای 24 کاژێری هەیە، مۆلیدەکان کوژاونەتەوە، پشتێنەی سەوزیی لە هەندێ شوێن هەیە، ئۆتۆمبێلەکانی باشترن، کێشەی ئاوی نییە، ناوچەی شاخاوی و سەوزایی هەیە."
روانگەی (عێراقی سەوز) سەکۆیەکی راگەیاندن و ژینگەیی سەربەخۆیە و گرنگی بە چاودێریکردن و بەدواداچوونی دۆخی ژینگەیی و کەشوهەوای عێراق دەدات.
ئەمیر عەلی حەسوون، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی هۆشیاری و راگەیاندن لە وەزارەتی ژینگەی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 5ی تەممووزی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "عێراق رووبەڕووی شەپۆلێکی تووندی گەرما و زیادبوونی ژمارەی ئەو رۆژانە بووەتەوە کە پلەی گەرما تێیاندا دەگاتە 50 پلەی سیلیزی، ئەمەش کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ژینگە، تەندروستیی گشتی و ئابووری هەیە."
سەبارەت بەو ئامارانەی لەلایەن رێکخراوی (روانگەی عێراقی سەوز)ـەوە بڵاوکراونەتەوە سەبارەت زیانە داراییەکان، ئەمیر عەلی حەسوون گوتی: "ئەو نیشاندەرانەی رونگەی عێراقی سەوز بڵاوی کردوونەتەوە، رەنگدانەوەی قەبارەی ئەو ئاڵنگارییە کەشوهەواییانەن کە پێویستیان بە تێکەڵکردنی هەوڵەکانی هەموو لایەنە حکومییەکان و کۆمەڵگەیە بۆ کەمکردنەوەی شوێنەوارەکانیان."
بەرپرسەکەی وەزارەتی ژینگە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو ژمارانەی بڵاوکراونەتەوە تەنیا "خەمڵاندنن" و وەزارەتی ژینگە جەخت لەسەر گرنگیی پشتبەستن بە رووماڵی زانستی و داتا نیشتمانییەکان دەکاتەوە بۆ داڕشتنی سیاسەتە ژینگەییەکان.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بۆ رووداو، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی هۆشیاری و راگەیاندنی وەزارەتی ژینگە باسی لە هەنگاوەکانی وەزارەتەکەی کرد و گوتی: "وەزارەتی ژینگە بەردەوامە لە جێبەجێکردنی ئەو بەرنامانەی ئامانجیان گونجاندنە لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا، ئەویش لە رێگەی زیادکردنی رووبەری سەوزایی، کەمکردنەوەی دەرهاویشتەی گازە زیانبەخشەکان و پاراستنی سەرچاوە سرووشتییەکان."
رێکخراوی (روانگەی عێراقی سەوز) ئەمڕۆ یەکشەممە 5ی تەممووزی 2026 لە راگەیێندراوێکدا کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، ئاماژەی بەوەکردوە: "ژمارەی ئەو رۆژانەی پلەی گەرما تێیاندا لە 50 پلەی سیلیزی تێدەپەڕێ، بە شێوەیەکی مەترسیدار زیادی کردووە، بەجۆرێک لە 15 ساڵدا ئەو رۆژانە بە رێژەی 800% زیادیان کردووە و تەنیا لە هاوینی 2023دا عێراق زیاتر لە 9 ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە".
رێکخراوەکە دەڵێ، عێراق بە شێوەیەکی نیگەرانیکەر کەوتووەتە ژێر کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، ئەمەش لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، زیادبوونی ژمارەی ئەو رۆژانەی گەرما تێیاندا دەگاتە 50 پلە و کەمبوونەوەی بارانباریندا رەنگی داوەتەوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوەکە، پێش ساڵی 2010، عێراق ساڵانە تەنیا 3 بۆ 5 رۆژی تێدا تۆماردەکرا کە پلەی گەرما تێیدا بگاتە 50 پلە، بەڵام ئێستا لە شارەکانی بەغدا، بەسرە و مەیسان ساڵانە 25 بۆ 40 رۆژ پلەی گەرما لە سەرووی 50 پلەیە، ئەمەش بەو مانایەیە کە لە 15 ساڵدا ئەو رۆژانە بە رێژەی 800% زیادیان کردووە.
بەپێی رێکخراوەکە، عێراق بۆ هەر رۆژێکی سەروو 50 پلەی سیلیزی، بڕی 150 ملیۆن دۆلار زیانی بەردەکەوێ، ئەوەش بەهۆی پچڕانی کارەبا، پەککەوتنی کارگەکان، بەکارهێنانی زۆری سووتەمەنی و کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان لە هەردوو کەرتی گشتی و تایبەت. بەو پێیەش، کۆی زیانەکانی هاوینی ساڵی 2025 تەنیا بەهۆی گەرماوە 9 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.
لە رووی تەندروستییەوە، بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، تەنیا لە مانگی تەممووزی 2025دا نەخۆشخانەکان 3200 گەرمالێدان و ماندوێتییان بەهۆی گەرماوە تۆمارکردووە. لە رووی ژینگەییشەوە، 60%ی درەختەکانی سەر شەقامەکان بەهۆی گەرمبوونی زەوی و وشکەساڵییەوە وشک بوون، هەروەها رێژەی گەردەلوولە خۆڵاوییەکان 70% زیادی کردووە.
رێکخراوی (روانگەی عێراقی سەوز) چەند هۆکارێکی سەرەکی بۆ ئەم گۆڕانکارییە مەترسیدارانە دەستنیشان دەکات. 1- تێکدانی باخەکان، بە جۆرێک بەغدا 85%ی باخەکانی لەدەستداوە. 2- زۆربوونی باڵەخانە کۆنکرێتییەکان کە گەرما لەخۆیاندا کۆدەکەنەوە و شەوان دەیدەنەوە. 3- سووتاندنی گازی هاوەڵ لە کێڵگە نەوتییەکان کە ملیۆنان تۆن گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن (CO2) بەرهەم دەهێنێت. 4- پشتبەستنی هاووڵاتییان بە مۆلیدە ئەهلییەکان کە دەبێتە هۆی پیسبوونی ژینگەی شارەکان.



