رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە 10 ساڵە فەرمانبەرانی وەزارەتی پیشەسازیی عێراق چاوەڕێی وەرگرتنی یەکەی نیشتەجێبوون دەکەن، بەڵام پڕۆژەکەیان تێوەگلاوە لە دۆسێیەکی گەندەڵیی گەورە و ئێستا زەوییەکەیان لە جیاتی پڕۆژەی نیشتەجێبوون، کراوەتە شوێنی کۆکردنەوەی ئامێرە سوتاو و لەکارکەوتووەکانی حەشدی شەعبی.
پڕۆژەکە کە لەسەر رووبەری 110 دۆنم زەوی لە ناوچەی تاجی لە باکووری بەغدا تەرخانکراوە، بڕیاربوو ببێتە ئومێدێک بۆ فەرمانبەرانی ئەو وەزارەتە، بەڵام وەکو فەرمانبەران دەڵێن "کەوتووەتە پشت پەردەی یارییەکی گەندەڵی" کە پەرلەمانتارێکی پێشوو و وەبەرهێنەرێک تێیدا تۆمەتبارن.
ئامال محەممەد، فەرمانبەر لە وەزارەتی پیشەسازی، داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات دەستوەردان بکات و دەڵێت: "زیاتر لە 10 ساڵە دێین و دەچین بێ سوودە. زەویی ژمارە 169 کە حەسەن خەفاجی وەکو وەبەرهێنەر وەریگرتبوو، ئێستا بەهۆی مەلەفەکانی گەندەڵییەوە لە زیندانە. بەپێی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی وەبەرهێنان، دەبێت زەوییەکە بگەڕێندرێتەوە بۆ فەرمانبەران."
عەقیل وەحید، ئەندامی لیژنەی زەوی لە وەزارەتەکە، ئاماژە بەوە دەکات سەرەڕای تەواوبوونی مامەڵە یاساییەکان، بەڵام ئێستا زەوییەکە داگیرکراوە. ئەو دەڵێت: "بەشی خزمەتگوزاری و ئەندازیاریی سەرۆکایەتیی دەستەی حەشدی شەعبی، ئامێرە سوتاو و لەکارکەوتووەکانی لەوێ داناوە. پێویست ناکات زەوی فەرمانبەران بۆئەو مەبەستە بەکاربێت، داوا دەکەین ئامێرەکانیان بکێشنەوە."
گرێبەستە حکومییەکان لە عێراق بوونەتە ژینگەیەکی لەبار بۆ گەندەڵی و دەستبەسەرداگرتنی سامانی گشتی. عەلی دیفاعی، چاودێر، دەڵێت: "زۆرجار پڕۆژەکان لەسەر ئەرزی واقیع نابینرێن، یان کەڵەکە بوون یان وەهمین، ئەمەش بەشێکە لەو گەندەڵییە فراوانەی لە گرێبەستەکاندا هەیە."
ئەم کێشەیەی فەرمانبەرانی وەزارەتی پیشەسازی لە کاتێکدایە، پەرلەمانی عێراق لەژێر چەتری 'هەڵمەتی بەرەبەیان'دا، هەوڵەکانی بۆ لێپرسینەوە و لادانی پارێزبەندی لەسەر ئەو پەرلەمانتارانە چڕکردووەتەوە کە تۆمەتبارن بە گەندەڵی. ئەو هەڵمەتە حەوت سێکتەری گەورەی گرتووەتەوە کە کەرتی وەبەرهێنان یەکێکە لەدیارترینیان.
فەرمانبەرانی وەزارەتی پیشەسازی چاوەڕێی ئەوەن حکومەت کۆتایی بەو ململانێیە بهێنێت و دوای 10ساڵ لە چاوەڕوانی، زەوییەکانیان رادەستیان بکرێت بۆ ئەوەی خەونی نیشتەجێبوونیان بێتە دی.



