رووداو دیجیتاڵ
ئەو پەرلەمانتارانەی بە تۆمەتی تێوەگلان لە گەندەڵی دەستگیرکراون، لە گرووپی وەتسئەپی پەرلەمانتارانى عێراق دەرکران.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، رۆژی یەکشەممە 5ی تەممووزی 2026، هەواڵەکەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، "وەتسئەپی ئەو پەرلەمانتارانە لەلایەن دەزگەی ئەمنی و دادوەرییەوە بۆ لێکۆڵینەوە بەردەستە. ئەو بابەتانەی لەنێو گرووپەکە باس دەکرێن، پێویست ناکات دەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان لێی ئاگاداربن و هەربۆیە لەنێو گرووپەکە دەرکراون."
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئێستا 12 پەرلەمانتار لە هەڵمەتی (بەرەبەیان) بە تۆمەتی تێوەگلان لە گەندەڵی دەستگیرکراون.
موسەننا ئەمین، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 5ی تەممووزی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لابردنی ئەو پەرلەمانتارانە لە گرووپی پەرلەمانتاران کارێکی ئاساییە، بەڵام دوای تەواو بوونی لێکۆڵینەوەکان و ئەگەر بێتاوان دەرچوون، بۆ گرووپەکە زیاد دەکرێنەوە.
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممەی رابردوو، هێزێکی دژە تیرۆر، سوپا و دەستەی دەستپاکیی عێراق ئۆپەراسیۆنێکی فراوانیان لە بەغدا و چەند پارێزگایەکی دیکە بە ناوی هەڵمەتی (بەرەبەیان) ئەنجام دا. رۆژی دواتر حەیدەر عەبادی، گوتەبێژی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "یاداشتەکانی دەستگیرکردن کە جێبەجێ کراون، 21 کەسیان گرتووەتەوە؛ هەندێک کەسایەتی هەڵاتوون و دەزگا تایبەتەکان بەدوایاندا دەگەڕێن."



