رووداو دیجیتاڵ
لە کۆبوونەوەی شەوی رابردووی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، گرژی و گفتوگۆی گەرم لەنێوان سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیرێکی کورد، لەبارەی داهات و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانەوە دروست بوو؛ بەڵام سەرۆکوەزیران جەختی لەوە کردووەتەوە کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان هاتووە، نەک دروستکردنی کێشەی نوێ.
بەپێی زانیاریی تایبەتی رۆژی هیوا جەمال، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە فەرمی و وەکو کارنامە باسی مووچەی هەرێمی کوردستان نەکراوە، بەڵام لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەدا دەمەقاڵێ لەنێوان سەرۆکوەزیران و خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق دروست بووە.
د. خالید شوانی باسی مووچەی هەرێمی کوردستانی کردووە، هەروەها باسی کێڵگەی کۆرمۆر کراوە، لەو باسانەدا دەمەتەقێ و گفتوگۆی هەندێک تووند لەنێوان وەزیری داد و سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی روویداوە.
لەنێو کۆبوونەوەکە وەزیری دارایی عێراق گوتوویەتی، "لە ماوەی سێ ساڵدا 22 تریلیۆن دینارمان داوەتە هەرێمی کوردستان و ئێوە لە بەشی خۆتان زیاترتان بردووە."
لە بەرامبەردا، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای شەفافیەتی کردووە و رایگەیاندووە، "پێویستە هەموو داهاتەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی روون و شەفاف بگەڕێتەوە بۆ بەغدا و دواتر بەبێ جیاوازی دابەش بکرێت."
هەرچەندە گرژییەکە روویداوە، بەڵام سەرۆکوەزیران دووپاتیکردووەتەوە کە کێشەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان نییە و گوتوویەتی، "ئێمە هەموومان لە عێراقدا یەک جەستەین. من هاتووم بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکەم، نەک کێشەی نوێ دروست بکەم، بۆیە ئامادەی هەموو جۆرە نەرمی نواندن و لێکتێگەیشتنێکم لەگەڵ هەرێمی کوردستان."
سەرەڕای ئەم گفتوگۆیانە، هێشتا بە فەرمی هیچ بڕیارێک لەبارەی ناردن یان نەناردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەدراوە.



