رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری عێراق، مەرسوومێکی کۆماریی دەرکرد بۆ خانەنشینکردنی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی پێشوو و ئەندامانی کابینە وەزارییەکەی.
نزار ئامێدی، سەرۆککۆماری عێراق، مەرسوومێکی کۆماریی دەرکرد بۆ خانەنشینکردنی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی پێشوو و ئەندامانی حکومەتەکەی، دوای کۆتاییهاتنی ماوەی دەستووریی حکومەتی پێشوو و پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ بە سەرۆکایەتیی عەلی فالح زەیدی، کە لە 14ی ئایاری 2026 متمانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی بەدەستهێنا و بە فەرمی دەستبەکاربوو.
مەرسوومەکەی سەرۆککۆماری عێراق پشت بە دەسەڵاتە دەستوورییەکانی دەبەستێت بۆ رێکخستنی پرۆسەی گواستنەوەی دەسەڵات لەنێوان حکومەتە یەک لەدوای یەکەکاندا، دوای دەرچوونی فەرمانی راسپاردنی سەرۆکی حکومەتی نوێ لە 27ی نیسانی 2026.
ئەم رێکارە دوای کۆتاییهاتنی ماوەی حکومەتی پێشوو دێت بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، کە لە 13ی تشرینی یەکەمی 2022 پۆستی سەرۆکوەزیرانی وەرگرت و تاوەکو 14ی ئایاری 2026 لە ئەرکەکەیدا بەردەوام بوو.
بەپێی زانیارییەکان، بڕیاری خانەنشینکردنەکە سەرۆکی پێشووی حکومەت و سەرجەم وەزیرەکانی گرتووەتەوە، لە چوارچێوەی رێڕەوی دەستووریی پەیڕەوکراو لە عێراقدا، کە جەخت لەسەر کۆتاییهێنان بە ئەرکی دەسەڵاتی جێبەجێکاری پێشوو دەکاتەوە دوای تەواوکردنی ماوەی یاسایی و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی و پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ.
تاوەکو ئێستا هیچ راگەیێندراوێکی فەرمی بۆ پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی خانەنشینکردنەکە دەرنەچووە.
مەرسوومەکە بە ژمارە (24) بە پشتبەستن بە بڕگەی (حەوتەم) لە مادەی (73)ی دەستوور و بڕگەی (یەکەم) لە مادەی (14)ی یاسای یەکگرتووی خانەنشینی ژمارە (9)ی ساڵی 2014 دەرچووە.
بەپێی زانیارییەکان، فەرمانەکە ئەو وەزیرانە ناگرێتەوە کە لە کابینەی ئێستای حکومەتدا پۆستەکانیان پاراستووە، لەوانەش فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە و خالید شوانی، وەزیری داد.
مەرسوومەکە لە بڕگەی یەکەمیدا ئاماژە بە خانەنشینکردنی سەرۆک و ئەندامانی پێشووی ئەنجوومەنی وەزیران دەکات، کە بریتین لە:
-محەممەد شیاع سەبار سوودانی (سەرۆکوەزیران)
-حەیان عەبدولغەنی عەبدولزەهرە (جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوت)
-تەیف سامی محەممەد (وەزیری دارایی)
-عەبدولئەمیر کامل عەبدوڵڵا (وەزیری ناوخۆ)
-ساڵح مەهدی موتەلیب (وەزیری تەندروستی)
-خالید بەتال نەجم (وەزیری پیشەسازی و کانزاکان)
-ئەسیر داوود سەلمان (وەزیری بازرگانی)
-عەون زیاب عەبدوڵڵا (وەزیری سەرچاوەکانی ئاو)
-ئەحمەد فەکاک ئەحمەد (وەزیری رۆشنبیری، گەشتوگوزار و شوێنەوار)
-ئەحمەد جاسم سابر (وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی)
-هەڵۆ مستەفا عەسکەری (وەزیری ژینگە)
-بەنگین عەبدوڵڵا رێکانی (وەزیری ئاوەدانکردنەوە، نیشتەجێکردن و شارەوانییە گشتییەکان)

.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)