رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق پەیامێک ئاراستەی تۆمەتبارانی گەندەڵی دەکات و دەڵێ، هیچ کەسێک لە سزا بەدەرنابێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات، "وەزارەتی ناوخۆ ئامرازی حکومەتە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی."
رۆژی شەممە 4ی تەممووزی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە سەردانێکیدا بۆ وەزارەتی ناوخۆ و لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ فەرماندە باڵاکانی ئەو وەزارەتە، باسی لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە لایەن حکومەتەکەیەوە کرد و گوتی، "وەزارەتی ناوخۆ ئامراز و دەستی حکومەتە لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا."
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەکەی، عەلی زەیدی رایگەیاندووە، "هیچ سازش و چاوپۆشییەک لە هیچ گەندەڵکارێک ناکرێ، هەر لایەنگرییەکی هەبێت."
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، هەڵمەتی پاککردنەوەی دامەزراوەکان لە گەندەڵی تەنیا بڕیارێکی کارگێڕی نییە، بەڵکو "دۆسیەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، ئەمڕۆ بووەتە داواکارییەکی جەماوەری." هەربۆیە داوای لە دەستەی دەستپاکی، دیوانی چاودێریی دارایی و هێزە ئەمنییەکان کرد بە وردی و بێ جیاوازی بەدواداچوون بۆ دۆسیەکانی گەندەڵی بکەن.
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممەی رابردوو، هێزێکی هاوبەشی دژەتیرۆر، سوپا و دەستەی دەستپاکیی عێراق ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانیان لە ناوچەی سەوز و چەند پارێزگایەکی دیکە بەناوی (هەڵمەتی بەرەبەیان) ئەنجام دا. رۆژی دواتر حەیدەر عەبودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "یاداشتەکانی دەستگیرکردن کە جێبەجێ کراون 21 کەسی گرتووەتەوە. هەندێک کەسایەتی هەڵاتوون و دەزگا تایبەتەکان بەدوایاندا دەگەڕێن."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، عەلی فالح زەیدی سوپاسی ئەو پشتیوانییە سیاسی و جەماوەرییەی کرد کە بۆ هەڵمەتەکەی حکومەت هەیە و رایگەیاند، "سوپاسی هەڵوێستی گەورەی بەڕێز موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە، پەرلەمان، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، هێزە سیاسییەکان و سەرۆک هۆزەکان دەکەین کە پاڵپشت و پشتیوانی حکومەتن لە هەڵمەتی دژی گەندەڵیدا."
سەرۆکوەزیرانی عێراق لەو کۆبوونەوەیەدا ئاماژەی بەوەش کرد، وەزارەتی ناوخۆ جگە لە ئەرکە ئەمنییەکەی، دەبێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ هاووڵاتییاندا نموونەی دەستپاکی بێت و گوتی، "پێویستە مامەڵەی ئەفسەر و کارمەندان لەگەڵ هاووڵاتییان لەسەر بنەمای رێزگرتن و دوور لە هەر جۆرە هەژموونێکی حیزبی بێت."
هەر لە کۆبوونەوەکەدا فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق پلەبەرزکردنەوەی ژمارەیەک ئەفسەری وەزارەتەکەی لە پلەی عەمید بۆ لیوا و لیوا بۆ فەریق پەسند کرد و گوتی، "هەموو شایستەکان مافی خۆیان وەردەگرن."

.jpg&w=3840&q=75)

