رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی عێراق دەڵێ، عێراق پێویستی بە 2.3 ملیۆن یەکەی نیشتەجێىوونە و ئامانجیانە تاوەکو سێ ساڵی دیکە 50٪ی کێشەی نیشتەجێبوون چارەسەر بکەن.
نەبیل سەفار، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 4ی تەممووزی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەگوێرەی ئەنجامی دوایین سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان، عێراق پێویستی بە 2.3 ملیۆن بۆ 2.4 ملیۆن یەکەی نیشتەجێبوونە."
عێراق پلانی ستراتیژیی نیشتمانیی بۆ نیشتەجێبوون (2025-2030)ـی هەیە. نەبیل سەفار گوتی، ئامانجیانە تاوەکو ساڵی 2030 نزیکەی 50%ـی قەیرانی نیشتەجێبوون چارەسەر بکەن و گوتیشی، "ئەگەر کارکردن لە پڕۆژەی نوێیەکانی نیشتەجێبوون و سیستمی گەشەپێدەری خانووبەرە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، دەتوانرێ لە 5 ساڵی داهاتوودا 50%ی ئەو کورتهێنانە پڕ بکرێتەوە."
بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق، "ئەو سیاسەتە نیشتمانییەی بۆ نیشتەجێبوون دارێژراوە، نەخشەڕێگەیەکی گشتگیرە و بە هاوکاریی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئامادە کراوە."
نەبیل سەفار باسی لە گۆڕانکاری لە شێوازی دابەشکردنی زەوی کرد و گوتی، "ئەزموونی دابەشکردنی زەوی بێ خزمەتگوزاری کۆتایی هات، چونکە ئەنجامێکی باشی نەبوو و بووەهۆی دروستبوونی گەڕەکی زێدەڕۆ. ئێستا کارەکانمان بەتەواوی پشت بە گەشەپێدەرانی خانووبەرە دەبەستن بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە لەوەی سەرەتا خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان دەگەنە شوێنەکە."
گوتەبێژەکەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، پڕۆژەکان تەنیا لە بەغدا نابن، بەڵکو هەموو پارێزگاکان دەگرێتەوە و هەوڵدەدەن لە دەرەوەی شارە قەرەباڵخەکان یەکەی نیشتەجێبوون دروست بکەن.



