رووداو دیجیتاڵ
ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی بە گازی شل (LPG) لە عێراق و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کاردەکەن، گەیشتووەتە نزیکەی 95 هەزار. لەو ژمارەیە 12 هەزاریان لە کەرکووکن. وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێ، هەنگاوەکە سوودی ئابووری و ژینگەیی هەیە.
موزاهر تەها، بەڕێوەبەری لقی بەڕێوەبەرایەتیی گازی کەرکووکی سەر بە کۆمپانیای گشتی خزمەتگوزارییەکانی گازی عێراق، رۆژی شەممە (4ـی تەممووزی 2026) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە کۆی گشتیی ئۆتۆمبێلەکان، 12 هەزاریان لە کەرکووکن کە رێژەیەکی زۆر باشە. دۆخی گازی شل لەوپەڕی باشیدایە و هیچ قەیران و قەرەباڵخییەکمان نییە."
لە کەرکووک هەشت وێستگەی پڕکردنەوەی گاز هەن، دووانیان 24 کاژێر کراوەن و وێستگەی سێیەمیش رۆژی یەکشەممە، 5ی تەممووز دەکەوێتە کار. موزاهر تەها ئاماژەی بەوەش کرد، پشکی گازی پارێزگاکە لە دوای جەنگی ناوچەکەوە "بێ سنوور" کراوە.
موزاهر تەها رایگەیاند، "لەم مانگەدا دوو وێستگەی دیکە لە حەویجە و لەسەر رێگەی سلێمانی-کەرکووک دەکرێنەوە، کە 24 کاژێر خزمەتگوزاری پێشکێش دەکەن."
ئەنمار عەلی حوسێن، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای خزمەتگوزاریی گازی عێراق لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ئەم پڕۆژەیە جگە لە سوودە ئابوورییەکەی بۆ شۆفێران، رۆڵێکی گرنگی لە پاراستنی ژینگە و کەمکردنەوەی گازە ژەهراوییەکان هەیە و تەواوی پێوەرەکانی سەلامەتی تێدا رەچاو کراوە.
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە روونیکردەوە، لە بەغدا و پارێزگاکان 27 کارگەی تایبەتمەند هەن بۆ بەستنی سیستمی گاز، هاوکات 171 وێستگەی پڕکردنەوەش لە سەرتاسەری عێراق کار دەکەن و چەندین وێستگە و کارگەی دیکەش لە قۆناخی جێبەجێکردندان.



