رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەڵێ، کەسانی فێڵباز دۆسیەی عەدنان جومەیلی بەکاردەهێنن بۆ هەڕەشەکردن لە سەرمایەداران.
بەگوێرەی راگەیێندراوی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، دادوەری لێکۆڵینەوە لە دادگەی ناوەندیی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند: "هەندێک کەسی فێڵباز لە چەند دامەزراوەیەکی فەرمی و نافەرمی، دۆخی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی تۆمەتبار عەدنان محەممەد حەموود جومەیلی، بریکاری وەزیری نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن دەقۆزنەوە".
بەگوێرەی روونکردنەوەکە، ئەو کەسانە پەیوەندی بە سەرمایەدارانەوە دەکەن و پێیان دەڵێن کە "ناویان لە لێکۆڵینەوەکاندا هاتووە،" ئەمەش بە مەبەستی ترساندن و وەرگرتنی پارە (سەرانە) لێیان.
دادگاکە داوا لە هاووڵاتییان، بەتایبەتی سەرمایەداران دەکات بڕوا بەو "قسە ناڕاستانە" نەکەن و نەچنە ژێر باری هیچ داواکارییەکی لەو شێوەیەوە؛ هەروەها داوا دەکات لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی هەر دۆخێکی لەو جۆرەدا پەیوەندی بە ژمارە تەلەفۆنی (07718454304) بکەن.
دادگە دووپاتی کردووەتەوە کە "تووندترین رێکاری یاسایی" بەرامبەر ئەو کەسانە دەگرێتەبەر کە هەوڵی شێواندنی راستییەکان و ناوزڕاندنی هەوڵەکانی دەسەڵاتی دادوەریی و حکومەت لە پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا دەدەن.
لە 30ی ئایاری 2026دا عەدنان جومەیلی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکرا. لە 22ی حوزەیران، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند، تێکڕای ئەو موڵک و ماڵەی ئەو بەرپرسە کە بە تۆمەتی گەندەڵی دەستی بەسەردا گیراوە، گەیشتووەتە 10 ملیۆن دۆلار و 31 ملیار دینار و 70 موڵک.



