رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەستپاکیی عێراق، دۆسیەی گرێبەستەکانی ساڵانی 2010 تاوەکو 2020ی وەزارەتی پەروەردەی کردووەتەوە. بەپێی راپۆرتێکی دەستەکە، ساڵانە وزارەتی پەروەردەی عێراق نزیکەی 200 ملیار دیناری تەرخانکردووە بۆ چاپکردنی کتێب.
وەزارەتی پەروەردەی عێراق دەڵێ: "ساڵانە نزیکەی 15 ملیۆن کتێبمان چاپ کردووە، ئەگەر هەر کتێبێک سێ هەزار دیناری تێچوو بێت، چاپکردنی 15 ملیۆن کتێب تەنیا 45 ملیار دیناری پێویستە".
لەم 10 ساڵەدا، 80٪ی گرێبەستەکانی چاپی وەزارەتی پەروەردە دراوەتە کۆمپانیا و چاپخانەی (دار نەهرێن) کە موسەنا سامەڕایی، سەرۆکی هاوپەیمانی عەزم خاوەنیەتی.
دکتۆر یاسین ئەحمەد، خاوەنی چاپخانەیە و بە رووداوی گوت: "تێچووی چاپکردنی کتێب هەزار بۆ هەزار و 250 دیناری پێویستە، کەچی لە گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە دا، 20 یان 25 هەزار لەسەر دەوڵەت نووسراوە، دووەم شت ئەگەر بتەوێ بچیتە نێو کێبڕکێی وەرگرتنی تەندەرەوە، لێناگەڕێن؛ چونکە ئەمە پشکی ئەو، حیزب و جەماعەتی ئەوە."
بەپێی راپۆرتی دەستەی دەستپاکی، کۆمپانیا و چاپخانەی (دار نەهرێن) ساڵی 2015، گرێبەستێکی 130 ملیار دیناری بۆ نۆژەنکردنەوەی چاپخانەکەی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە واژۆ کردووە کە 95٪ی داهاتی چاپ بۆخۆی و تەنیا 5٪ی داهات بۆ حکومەت دەبێت.
زولەیخا ئەلیاس، ئەندامی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "ئەم دۆسیەیە دەکەینەوە و بەدواداچوونی بۆ دەکەین لەگەڵ تەواوی گرێبەستەکانی پێشوو، خۆلی رابردوو بەدواداچوونمان کرد لەسەر چاپکردنی کتێب و گرێبەستەکانی کۆمپانیاکان، بەڵام نەچوینە بنچینەی، ئێستا دەرکەوتووە ساڵانی پێشوو چەند گەندەڵی کراوە لەگرێبەستی چاپکردنی کتێب و بەهەدەردانی سامانی گشتی".
بەپێی راپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی، (دار نەهرەین) لەم 10 ساڵەدا بۆ ئەو کتێبانەی لە لوبنان، ئوردن و تورکیا بە تێچووی کەمتر لە 5 دۆلار چاپی کردوون، بە نرخی نزیکەی 16 دۆلار بۆ حکومەت هەژماری کردوون


