رووداو دیجیتاڵ
بەپێی بەڵگەنامەیەکی (نهێنی) کە کۆپییەکی دەست رووداو کەوتووە، وەزارەتی نەوتی عێراق بڕیاری بۆ گۆڕانکارییەکی فراوانی پۆستەکان و رێکخستنەوەی کۆمپانیای نەوتی بەسرە دەرکردووە، کە 23 پۆستی باڵای کارگێڕی دەگرێتەوە.
بەپێی نووسراوەکە کە لە 30ـی حوزەیرانی 2026، بە واژۆی فیراس عەلی محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی نەوتی عێراق دەرچووە و گۆڕانکارییەکان بە فەرمانی راستەوخۆی وەزیری نەوت بووە.
بەپێی بەڵگەنامەکە، بەشی پڕۆژە گەورەکان دەبەسترێتەوە بە "دەستەی پڕۆژەکان"ـەوە. هەروەها پۆستی بەڕێوەبەری پڕۆژە گەورەکان و بەشی دیزاین لە (فەلاح حەسەن بەدەن) بۆ (نەسیر عەبدولسەلام ئیبراهیم) ئاڵوگۆڕی پێ کراوە.
گۆڕانکارییەکان کێڵگەکانی (زوبەیر، فەیحا، سەیبە و کێڵگەکانی باشووری بەسرە) و بەشەکانی (کۆنترۆڵکردنی زەویوزار، پەیوەندییەکان، تەکنەلۆژیای زانیاری، نیشتەجێکردن و سەرچاوە مرۆییەکان)ـی لە کۆمپانیای نەوتی بەسرە گرتووەتەوە.
لە چوارچێوەی گۆڕانکارییەکان دا، (فەوزی شاتی مەتەر) لە بەشی پاراستنی دامەزراوە نەوتییەکانەوە گواستراوەتەوە بۆ بەشی بەڵگەنامە کارگێڕییەکان و لە شوێنی ئەو (زافەر عەبدولحوسێن تەڕاج) دەستبەکار دەبێت.
محەممەد بەتات، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە بە رووداوی گوت، "ئەم حکومەتە نوێیە دەیەوێت لە رێگەی گۆڕانکاری لە پێگە و پۆستەکانی وەزارەتی نەوت و کۆمپانیاکانی سەر بە وەزارەتەکە، رێگری لە هەندێک لەو گەندەڵییانە بکات کە پێشترکراون، چونکە بەشی زۆری ئەو گەندەڵییانەی ئاشکراکراون لەم دواییە دا، لە وەزارەتی نەوت بوون."
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی بەسرە گوتیشی، "لە رابردوودا هەندێک تێبینیمان لە بەهەدەردانی سامان هەبووە لە کۆمپانیای نەوتی بەسرە، پێدەچێت ئەم گۆڕانکارییانە و چڕکردنەوەی چاودێری لەسەر کۆمپانیاکە، ئەو بەهەدەردانە رابگرێت."
وەک لە بەڵگەنامەکە دا هاتووە، ئەم بڕیارانە لە رێککەوتی دەرچوونیانەوە دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە.

