رووداو دیجیتاڵ
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و جاسم بدێوی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو، لە بەغدا جەختیان لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و چارەسەرکردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان کردەوە.
رۆژی سێشەممە 30ی حوزەیرانی 2026، جاسم بدێوی بە سەردانێک گەیشتە بەغدا و پەیامی پشتگیریی شەش وڵاتەکەی ئەنجوومەنەکەی گەیاندە حکومەتی نوێی عێراق.
هەردوولا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانی هاوبەشدا باسیان لەوە کرد کە ئاسایشی عێراق بەشێکی دانەبڕاوە لە ئاسایشی ناوچەکە.
عێراق: ئامادەین بۆ دیالۆگی دەستبەجێ لەگەڵ کوێت
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق پابەندیی وڵاتەکەی بە هەموو بڕیارە نێودەوڵەتییەکان و سەروەریی خاکی کوێت دووپاتکردەوە و گوتی، "بەغدا بەتەواوی پابەندە بە بڕیاری ژمارە 833ی ئەنجوومەنی ئاسایش. ئێمە ئامادەین بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆی دەستبەجێ بۆ کۆتاییهێنان بە دۆسیەکانی تایبەت بە سنوور لە هەر شوێن و کاتێک کە کوێتییەکان دیاری بکەن."
وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، سیاسەتی حکومەتی نوێ کە لەسەر بنەمای "کۆنترۆڵکردنی چەک لەدەستی دەوڵەت" و دژایەتیکردنی گەندەڵی داڕێژراوە، گەرەنتییە تاوەکو خاکی عێراق نەبێتە سەرچاوەی هێرش بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ.
جاسم بدێوی رایگەیاند، پەیامێکی یەکگرتووی سەرکردەکانی کەنداوی هێناوە بۆ بەغدا، کە بریتییە لە پێویستی کۆتاییهێنان بە کێشەی سنوورە دەریاییەکانی نێوان عێراق و کوێت.
بدێوی ستایشی هەنگاوە ئەمنییەکانی عێراقی کرد و گوتی، "ستایشی ئەو هەنگاوانە دەکەم کە کۆماری عێراق ناویەتی بۆ رێگریکردن لە دەستپێکردنی هێرشە دووژمنکارییەکان لە خاکی خۆیەوە بۆ سەر وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو؛" جەختی کردەوە کە گفتوگۆ و دیپلۆماسی باشترین رێگەن بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان.
گەڕێکی نوێی سەردان بۆ وڵاتانی کەنداو
وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران ئامادەکاری دەکەن بۆ گەشتێکی دیپلۆماسی بۆ وڵاتانی کەنداو. ئامانجی ئەو سەردانە روونکردنەوەی سیاسەتی نوێی بەغدا و گەڕاندنەوەی متمانەیە لە نێوان هەردوولادا.
ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو عێراقی بە "هاوبەشێکی ستراتیژیی هەمیشەیی" ناوبرد و گوتی، بونیادنانی پەیوەندییەکی هاوسەنگ لەگەڵ بەغدا لە بەرژەوەندیی هەموو خەڵکی ناوچەکەدایە.



