رووداو دیجیتاڵ
ئاهەنگی هاوژینی هەردوو کوڕی سەرۆک هۆزێکی دیاری پارێزگای زیقار لە باشووری عێراق، بەهۆی ئامادەبوونی هەزاران میوان و سەربڕینی دەیان سەر مەڕ، دەیان وشتر و ئاسک، وەک یەکێک لە "گەورەترین ئاهەنگی هاوژینی لە عێراق" ناودەبرێ و بووەتە جێی باسی گەرمی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
رۆژی هەینی، 18ی ئەیلوولی 2026، لە ناسرییەی ناوەندی پارێزگای زیقار، ئاهەنگی هاوژینی دوو کوڕی شێخ حەیدەر فەهد عابر، سەرۆکی هۆزی (بەدوور) بەڕێوەچوو، کە تێیدا سەتان کەس لە سەرۆک هۆز، کەسایەتیی کۆمەڵایەتی و هاووڵاتییانی پارێزگاکانی باشوور و نێوەڕاستی عێراق ئامادە بوون.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئامادەکارییەکان بۆ ئەم ئاهەنگە چەندین رۆژ پێشوەختە دەستیان پێکردووە و خوانێکی بێوێنە ئامادە کراوە و تێیدا زیاتر لە هەزار و 500 سەر مەڕ، 250 وشتر و ژمارەیەک ئاسک کە وەک دیاری لەلایەن هۆزەکانی دیکەی عێراقەوە بۆ ئاهەنگەکە نێردرابوون، سەربڕدران.
لە ئاهەنگەکەدا دەیان مەنجەڵی گەورە بە درێژایی رووبەرێکی فراوانی بیابانی ناسرییە، بۆ لێنانی برنج و گۆشت دانرابوون و بەشداربووانی ئاهەنگەکە پێش نان خواردن دەستیان بە هەڵپەڕین و شایی کرد و دواتر بەکۆمەڵ نانیان خوارد.
دیمەنەکانی ئەم ئاهەنگە دەنگدانەوەیەکی بەرفراوانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی عێراقدا بەدوای خۆیدا هێنا.
ئەم جۆرە ئاهەنگانە لە عێراق بە سیمبوولی "بەخشندەیی، جوامێری و میواندۆستیی رەسەنی عەشایەری باشووری عێراق" ناودەبرێن و پێیان وایە کۆکردنەوەی هەزاران کەس لە دەوری یەک خوان، نیشانەی پتەویی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانە.


