رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەى بەدواداچوونى رووداو، بوشرا قیسی، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان کە بەتۆمەتى گەندەڵى دەستگیرکراوە، 13 ملیار دینار لە ماڵەکەیدا بووەو دەستى بەسەردا گیراوە.
بوشرا قەیسی بەهۆی وەگرتنى پارە بۆ بانگەشەى هەڵبژاردن، رۆڵ بینین لە وەرگرتنى گرێبەست لە کەرتى پاڵاوتنى بەرهەمەکانى نەوت و بەکارهێنانى کارەکەى وەک ئەندامى لیژنەى نەوت و گازى پەرمانى عێراق بۆ ئەو کارە، دەستگیر کراوە.
ئەشواق جبوورى، یەکێکى دیکەیە لە پەرلەمانتارانى فراکسیۆنى ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە پشکى سەلاحەدین دەستگیرکراوە.
ئەشواق جبووری بە تۆمەتی وەرگرتنی پارە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.
سەرچاوەیەکى بەرپرس لە سەلاحەدین بە رووداوى گوت، "ئەو پەرلەمانتارە تۆمەتبارە بەوەى 9 ملیار دینارى لە عەدنان جومەیلی وەرگرتووە بۆ بانگەشەى هەڵبژاردنەکەى کە خەرجکردنى ئەو بڕە پارەیە بەگوێرەى رێکارەکانى کۆمیسیۆن رێگە پێنەدراوە، ئەوە جگە لەوەى سەرچاوەى ئەو پارەیەش گومانى لەسەرە".
هند عەباسی، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى عەزم بە تۆمەتی هەبوونی رۆڵ لە وەرگرتنى پڕۆژە لە کەرتى پاڵاوتن بە نرخى کەمتر یان رۆڵ بینینی لەوەى کەسانى دیکە پڕۆژە وەربگرن.
عەلى مەعارج بەهادلی، بریکارى وەزارەتى نەوتى عێراق بۆ کاروبارى دابەشکردن کە 11 ملیۆن دۆلار و چوار ملیار دینار لە ماڵەکەیدا دەستى بەسەردا گیرا، چەند تۆمەتێکى ئاراستەکراوە کە تایبەتن بە مۆڵەتى وێستگەى دابەشکردنى بەنزین و بڕى ئەو سووتەمەنیانەى دەدرێتە وێستگە ئەهلییەکان.



