رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا بێکارەبایی، بێئاوی و کەمیی هەلی کار تەنگی بە عێراقییەکان چنیوە، ئۆپەراسیۆنی دژە گەندەڵی زمانی رەخنەی خەڵکی تیژتر کردووە. ئەگەر جاران بە هەڕەمەکی باسی گەندەڵی کرابا،
ئێستا خەڵک بە بەڵگەوە باسی ئەو ملیاران دینارە دەکەن کە تەنیا لە ماڵی بەرپرسێکدا دەستی بەسەردا گیراوە.
عەلی ئیدامی، خانەنشینێکی عێراقییە و بە توندی رەخنە لەو قەبارە گەورەیەی تاڵانکردنی سامانی گشتی دەگرێت و دەڵێت:
"ئەوە لە یەک ماڵی بریکاری وەزیر ئەو هەموو ملیار و زێڕ و ئۆتۆمبێلە گیراوە، دەبێ ئەوانەی دیکە چەندیان بردبێت؟ ماڵی بریکاری وەزیرێک بەقەد پارەی وڵاتێکە."
تەنیا لە ماڵی عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزیری نەوتی عێراق، دەست بەسەر 98 ملیار دینار، 11 ملیۆن دۆلار، 3 کیلۆ زێڕ، 20 ئۆتۆمبێل و 70 موڵکدا گیراوە.
ئەم ئامارە ترسناکە بەسە بۆ ئەوەی ئاشکرا ببێت چۆن ترلیۆنان دیناری سامانی عێراق لە موڵکی گشتییەوە بووەتە سامانی کەسی.
عەتوان عەتوانی، سەرۆکی پێشووی لیژنەی دارایی پەرلەمان، ئاماژە بەوە دەکات کە قەبارەی گەندەڵییەکە یەکجار گەورەیە و دەڵێت:
"ژمارە و داتای جیاواز هەیە دەربارەی پارەکان، بەڵام بە هەر شێوەیەک بێت قەبارەکە یەکجار گەورەیە. رێکارە یاساییەکان بەسەر هەموو کەسێکدا جێبەجێ دەکرێن؛
رەنگە کاتی بوێت، بەڵام عێراق واژووی لەسەر بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و سپیکردنەوەی پارە کردووە."
تاوەکو ئێستا 22 بەرپرس و پەرلەمانتار لە چوارچێوەی ئەم هەڵمەتەدا دەستگیرکراون. بەپێی بەدواداچوونەکانی لیژنەی دەستپاکی، تەنیا لە 10 دۆسیەی دیاریکراودا، بڕی 6 ملیار دۆلار گەندەڵی کراوە.
حەیدەر موحان، ئەندامی لیژنەی دەستپاکی، باس لە جۆری ئەو دۆسیانە دەکات کە رەوانەی دادگا کراون و دەڵێت:
"ئەو دۆسیانەی تەواومان کردوون داومانە بە دادگە؛ 10 دۆسیەی گرنگ و جیاواز بوون، وەک دۆسیەی وەبەرهێنان، خانوو و زەوی، جێبەجێنەکردنی پڕۆژەکان و دۆسیەی
بەهەدەربردنی سامانی گشتی. لە راستیدا بڕی پارەکە لە نێوان 2 تاوەکو 4 و 6 ملیار دینار دەبێت و لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە."
پار ساڵ، دەستەی دەستپاکی عێراق رایگەیاند کە 31 هەزار دۆسیەی گەندەڵی لە دادگاکاندا تۆمار کراون. هەرچەندە تائێستا ئەنجامی زۆربەی ئەم دۆسیانە و
چارەنووسی تەواوەتیی "دزیی سەدە" بە روونی بۆ رای گشتی ئاشکرا نەکراون، بەڵام عێراقییەکان چاوەڕێی هەنگاوی جیدیترن بۆ گێڕانەوەی سەروەت و سامانە تاڵانکراوەکانیان.


