رووداو دیجیتاڵ
ئەو 13 پەرلەمانتارەی لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "بەرەبەیان" بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکراون، لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا نزیکەی 167 هەزار دەنگیان بەدەستهێناوە، لەدەستدانی کورسییەکانیان پێویستی بە بڕیاری دادگایە تاوەکو دواتر لەسەر داواى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکان جێگرەوەکانیان دیاری بکات.
ئەو پەرلەمانتارانە نوێنەری پارێزگاکانی سەلاحەدین، واست، بەغدا، دیالە و نەینەوان و لە ئۆپەراسیۆنەکانی بەرەبەیانی 28ی حوزەیرانی 2026 دەستگیرکران.
تێکڕای دەنگی ئەو پەرلەمانتارانە کە لە هەڵبژاردنی 11ی تشرینی دووەمی 2025ى پەرلەمانى عێراق بەدەستیانهێناوە 166 هەزار و 942 دەنگە.
محەممەد مەیاحی، یەکێک بوو لەو پەرلەمانتارانەی لەو ئۆپەراسیۆنەدا دەستگیرکرا، لە هەڵبژاردندا 30 هەزار و 339 دەنگی بەدەستهێنا و لە ریزبەندی یەکەمی پارێزگاکەی بووە لە رووی دەنگدانەوە.
دەستگیرکردنى ئەو پەرلەمانتارانە، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە بووە لە دۆسیەی گەندەڵیی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت کە 30ی ئایار دەستگیرکرا.
بەگوێرەی روونکردنەوەیەکی دادوەری لێکۆڵینەوەی دادگای تایبەت بە بنبڕکردنی گەندەڵی، سەرەداوی ئاشکراکردنی دۆسیەی گەندەڵیی جومەیلی لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا لە مانگی تشرینی یەکەمی 2025 دەرکەوتووە، کە زانیارییان پێگەیشتووە لەبارەی ئەوەی هەندێک لە بەربژێرانی ئەو هەڵبژاردنە پارەیەکی زۆر بۆ بانگەشەیان خەرج دەکەن بە سوودوەرگرتن لە موڵک و ماڵی دەوڵەت.
ناو و ژمارەی دەنگی ئەو پەرلەمانتارانەی دەستگیر کراون:
- زیاد جەنابی: 10213 دەنگ
- بەها نووری: 8198 دەنگ
- محەممەد کەربوولی: 8368 دەنگ
- عالیە نسەیف: 9524 دەنگ
- محەممەد مەیاحی: 30339 دەنگ
- حەسەنێن خەفاجی: 7322 دەنگ
- عەبدولڕەحمان لوێزی: 17908 دەنگ
- بوشرا قەیسی: 6023 دەنگ
- موزەر کوڕوی: 13275 دەنگ
- هیند عەباسی: 7576 دەنگ
- محەممەد جبووری: 15722 دەنگ
- موسەنا سامەڕائی: 25432 دەنگ
- ئەشواق جبووری: 7042 دەنگ
ئەو پەرلەمانتارانە بە دەستگیرکردنیان پارێزبەندییان لەسەر هەڵگیراوە بۆ ئەوەی دادگا بتوانێت لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکات بە مەبەستی دادگاییکردنیان.
دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوی رایگەیاند، "هەڵگرتنی پارێزبەندی بەو مانایە نییە پەرلەمانتارێک مافی ئەندامێتی لەدەستدابێت، بەڵکو دوای یەکلاکردنەوەی دۆسیەکە و ساخبوونەوەی تاوانەکە بەسەریدا، دادگا بڕیار دەدات کە مافی ئەندامێتییان لێ وەربگیرێتەوە."
جگە لە دادگا، پەرلەمانیش دەتوانێت بە دەنگدان مافی ئەندامێتی لە پەرلەمانتار وەربگرێتەوە ئەگەر پاساوی یاسایی هەبێت بۆ ئەو رێکارە.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "بۆ پڕکردنەوەى جێگەی هەر پەرلەمانتارێک کە بە هەر هۆکارێک بێت چۆڵ ببێت، پەرلەمان داوا لە کۆمیسیۆن دەکات جێگرەوەکەی دیاری بکات لەسەر بنەمای ژمارەی ئەو دەنگانەى بەدەستهێناوە، ئەوەش بەگوێرەی رێکاری دابەشکردنی کورسییەکان دیاری دەکرێت."




