رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردەی عێراق رایدەگەیێنێت، دوای وردبینی بۆ دۆسیەی فەرمانبەرانی پارێزگای سەلاحەدین، زیاتر لە 73 ملیۆن دیناریان بۆ گەنجینەی دەوڵەت گەڕاندووەتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 29ـی حوزەیرانی 2026، وەزارەتی پەروەردەی عێراق رایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سەلاحەدین، بڕی 73 ملیۆن و 528 هەزار دیناری بۆ گەنجینەی دەوڵەت گەڕاندووەتەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەم هەنگاوە لەسەر راسپاردەی وەزیری پەروەردە بووە بۆ "پاراستنی سامانی گشتی". وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوەش کردووە، گێڕانەوەی ئەم بڕە پارەیە "دوای بەدواداچوونی ورد بۆ دۆسیەی میلاکات و گرتنەبەری رێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان" بووە، ئەوەش بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە "دروستیی خەرجییەکان و رێگری لە بەفیڕۆدانی پارەی دەوڵەت."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، وەزارەت بەردەوام دەبێت لە چاودێریکردنی جێبەجێکردنی بڕیارەکان و رێنماییە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وەزارەتی پەروەردە و دارایی، تاوەکو گەرەنتیی پاراستنی مافەکانی دەوڵەت و سەلامەتیی رێکارە کارگێڕییەکان بکرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، 28ـی حوزەیرانی 2026، هێزە ئەمنییەکانی عێراق بە پاڵپشتیی هێزی ئاسمانی، ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانیان لە ناوچەی سەوز و چەند پارێزگایەک دەستپێکردووە. لە ئەنجامدا ژمارەیەک بەرپرسی باڵا و پەرلەمانتار بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیر کراون، کە لە دیارترینیان موسەننا سامەڕایی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم و عەلی مەعاریج بەهادلی، بریکاری وەزیری نەوتی عێراقن.




.jpg&w=3840&q=75)