رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری پێشووتری دەستەی گشتیی باجەکانی عێراق و هاوژینەکەی بە تاوانی سپیکردنەوەی پارە، سزای زیندانیکردنیان بۆ دەرچوو، دەستیش بەسەر 22 موڵکی لە بەغدا و تورکیا و زێڕ و خشڵەکانیاندا داگیرا.
دەستەی دەستپاکی فیدراڵیی عێراق، رۆژی سێشەممە 29ی حوزەیرانی 2026، دەرچوونی بڕیاری سزای زیندانیکردنی بۆ بەڕێوەبەری گشتیی پێشووتری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی باجەکان و هاوژینەکەی راگەیاند، ئەوەش بەهۆی تێوەگلانیان لە تاوانی سپیکردنەوەی پارە.
دەستەکە لە راگەیێندراوێکدا سەبارەت بەو کەیسەی کە لێکۆڵینەوەی تێدا کردووە و رەوانەی دادگەی کردووە، ئاشکرای کرد، "دادگەی تاوانەکانی دژە گەندەڵی ناوەندی، بڕیاری 10 ساڵ زیندانیکردنی بۆ ئوسامە حوسام جەودەت، بەڕێوەبەری گشتیی پێشووتری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی باجەکان و 5 ساڵ و یەک مانگ زیندانیکردنی بۆ هاوژینەکەی دەرکردووە."
ئەم بڕیارە پاڵپشت بە ماددەی 36ی یاسای بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و دابینکردنی دارایی بۆ تیرۆر، ژمارە 39ی ساڵی 2015 دەرکراوە.
لە راگەیێندراوەکەی دەستەی دەستپاکیدا هاتووە، بڕیارەکە پێبژاردنی هەردوو سزادراوەکە بە بڕی 32,496,107,000 دینار لەخۆدەگرێت. هەروەها بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی 10 موڵک لە بەغدا و 12 موڵک لە تورکیا کە بە ناوی هاوژینی سزادراوەکەوەن، لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی پارەی کاش، کرێی خانووەکان، زێڕ و خشڵ و ئەو پارانەی لە بانکەکانی کوێت و تورکیا بە ناوی ئەوانەوە دانراون، دەرچووە.
دادگە ئاماژەی بەوە کردووە، دوای وردبینی لەو بەڵگانەی لەم کەیسەدا بەدەستهاتوون، گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە بەڵگەکان تەواو و بڕواکەرن بۆ سزادانیان، بۆیە بڕیاری سزادان و پێبژاردنەکان دەرکراوە و دەستیش بەسەر گشت ماڵ و سامانی گواستراوە و نەگواستراوەیاندا دەگیرێت.



