رووداو دیجیتاڵ
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، رۆژی دووشەممە لەگەڵ ژمارەیەک باڵیۆزانی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق کۆبووەوە و رایگەیاند، تاوەکو 30ی ئەیلوولی داهاتوو، هێزەکانی هاوپەیمانان بەتەواوی لە عێراق دەچنە دەرەوە. راشیگەیاند، "هیچ هێڵێکی سوورمان بۆ ئەو کەسانە نییە کە یاساشکێنن یان پارەی عێراقیان دزیوە".
بەگوێرەی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا زەیدی تێڕوانینی حکومەتەکەی بۆ قۆناخی داهاتوو و بەرنامە چاکسازی و پلانە گەشەپێدانەکانی خستەڕوو. سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، "کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت تەنیا دروشم نییە، بەڵکو دەستمان بە جێبەجێکردنی کردووە و لەو سیاسەتە بەردەوام دەبین، بەتایبەت کە رۆژی 30ی ئەیلوولی داهاتوو، هێزەکانی هاوپەیمانان بەتەواوی لە عێراق دەچنە دەرەوە."
سەبارەت بە پرسی گەندەڵی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، رێگە بە هیچ کەسێک نادەن یاری بە سامانی عێراقییەکانەوە بکات و گوتی، "هیچ هێڵێکی سوور بۆ کەسانی یاساشکێن یان ئەوانەی پارەی عێراقیان دزیوە، نییە." حکومەتەکەی کار دەکات بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پارانەی لە سەردەمەکانی رابردوودا بەتاڵان براون.
بەرەبەیانی یەکشەممە 28ـی حوزەیرانی 2026، هێزێکی هاوبەشی دژەتیرۆر، سوپای عێراق و دەستەی دەستپاکی و هێزە ئەمنییەکانی دیکە، ئۆپەراسیۆنێکی فراوانیان لەنێو ناوچەی سەوز و چەند ناوچەیەکی دیکەی بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق کرد، لە دوێنێوە تاوەکو ئێستا 22 کەسیان بە تۆمەتی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتیی دەستگیرکردووە و ئۆپەراسیۆنەکەش بەردەوامە.
زەیدی، باسی لە سیاسەتی دەرەوەی عێراق کرد و گوتی: "دەمانەوێت عێراق ببێتە وێستگەیەک بۆ پێکگەیشتن، نەک مەیدانی دوژمنایەتی." هەروەها رەتیکردەوە هیچ وڵاتێک بە شێوەیەک مامەڵە لەگەڵ لایەنە نێوخۆییەکان بکات کە زیان بە سەروەریی عێراق بگەیێنێت.
سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە کۆمپانیا ئەورووپییەکان کرد بەشداریی کارا بکەن لە پرۆسەی گەشەپێدانی عێراق و رایگەیاند، حکومەتەکەی "شۆڕشێکی چاکسازیی" لە یاساکاندا دەستپێکردووە بۆ پەرەپێدانی ئابووریی نیشتمانی و دەرگەی عێراق بۆ هاوکاریی نێودەوڵەتی لە بوارەکانی وزە، پیشەسازی و کشتوکاڵ کراوەیە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی نووسینگەی زەیدی، باڵیۆزانی یەکێتیی ئەورووپا ستایشی تێڕوانین و سیاسەتەکانی حکومەتی عێراقیان کرد، بەتایبەت لەڕووی ئابووری، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و کۆنترۆڵکردنی چەک و ئامادەیی وڵاتەکانیشیان دەربڕی بۆ هاوبەشی ئابووری لەگەڵ عێراقدا.

.jpg&w=3840&q=75)
