رووداو دیجیتاڵ ئەنجوومەنی وەزاری بۆ کاروباری ئابووریی عێراق بڕیاریدا لیژنەیەکی هاوبەش لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنێت بە مەبەستی سەردانکردنی دەروازە سنوورییەکان و بەسەرکردنەوەی دەروازە و خاڵە سنوورییە نافەرمییەکان، تاوەکو ئەو دەروازانەی مەرجەکانیان تێدایە بکرێنە فەرمی و ئەوانی دیکەش دابخرێن. بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ کاروباری ئابووری، فالح ساری، وەزیری دارایی و وەزیری پلاندانانی فیدراڵ بەوەکالەت، سەرۆکایەتیی پێنجەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکەی کردووە. کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی وەزیرانی بازرگانی، پیشەسازی، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بەوەکالەت، سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران، پارێزگاری بانکی ناوەندی، جێگری سەرۆکی دەستەی نیشتمانیی وەبەرهێنان و راوێژکاری یاسایی سەرۆکوەزیران بەڕێوەچوو. ئەنجوومەنەکە میوانداریی شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بە سەرۆکایەتیی وەزیری دارایی و ئەندامێتیی سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەرانی گشتیی گومرگ، باج و بەدواداچوون، لەگەڵ ژمارەیەک لە پسپۆڕان. عومەر وائیلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان، بریکاری وەزارەتی دارایی فیدراڵ، بەڕێوەبەرانی گشتیی دەستەکانی گومرگ و باج و نوێنەرانی پرۆگرامی ئەسیکۆدا (ASYCUDA) لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە بوون، بە مەبەستی تاوتوێکردنی راپۆرتی لیژنە هاوبەشەکان سەبارەت بە یەکخستنی رێوشوێنە گومرگی و باجییەکان لە دەروازە سنوورییەکان بە دەروازەکانی هەرێمی کوردستانیشەوە. بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ کاروباری ئابووری وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: دوای گوێگرتن لە روونکردنەوەی ئەندامانی تیمی هاوبەشی هەردوولا و پێشنیازەکانی میکانیزمی جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا و ئەو کۆسپانەی دێنە رێی جێبەجێکردنی، ئەنجوومەنەکە ئەم بڕیارانەی دا: -یەکەم: پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش بە سەرۆکایەتیی دەستەی دەروازە سنوورییە فیدراڵییەکان و نوێنەرانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی رووپێوکردنی تەواوی هێڵی سنووری و بەسەرکردنەوەی دەروازە و خاڵە سنوورییە نافەرمییەکانی هەرێمی کوردستان. ئەم لیژنەیە راپۆرتێکی ورد رادەستی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ کاروباری ئابووری دەکات لەسەر ئەو دەروازانەی مەرجەکانیان تێدایە تاوەکو بکرێنە فەرمی و دابینکردنی ژێرخانی پێویست بۆیان، لەگەڵ داخستنی ئەو دەروازە و خاڵە سنوورییانەی دیکە کە بۆ کارەکە گونجاو نین، هەروەها ئاراستەکردنی فەرماندەیی هێزەکانی پاسەوانی سنووری فیدراڵ بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە. -دووەم: وەزارەتی دارایی فیدراڵ بە هاوئاهەنگی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، نامیلکەیەکی هاوبەش تایبەت بە لێخۆشبوون و ئاسانکارییە گومرگییەکان ئامادە دەکات، کە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵەوە پەسند دەکرێت و گشتاندنی بۆ دەکرێت بۆ سەرجەم دەروازە سنوورییەکان بۆ کارکردن پێی. -سێیەم: بەرزکردنەوەی پێشنیازەکانی هەردوولا بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ لەبارەی میکانیزمی کۆکردنەوەی داهات لەو دەروازە سنوورییانەی کە دەکەونە سنووری هەرێمی کوردستانەوە.
عێراق29-06-2026وەزارەتی دەرەوەی چین بۆ رووداو: پرسی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە عێراق بابەتێکی ناوخۆییە