رووداو دیجیتاڵ
دۆسیەی یەکێک لە پەرلەمانتارە دەستگیرکراوەکان دەست رووداو کەوتووە و دەریدەخات کە لەگەڵ 30 کەسی دیکە داواکراو بووە کە بەشێکیان بەرپرسیارێتییان هەیە. سزای ئەو تاوانەی لەسەر دەستگیرکراوەکانە دەگاتە 10 ساڵ زیندانیکردن.
دۆسیەکە پەیوەندیدارە بە محەممەد مەیاحی، ئەندامی پەرلەمان و سەرۆکی هاوپەیمانیی واست ئەجمەل کە پێشتر پارێزگاری شارەکە بوو و لە 28ى حوزەیران دەستگیرکرا.
دەستەی دەستپاکیی عێراق لە 7ی حوزەیران نووسراوێکی ئاراستەی دادگای لێکۆڵینەوەی تایبەت بە دۆسیەکانی گەندەڵی کردووە و ناوی محەممەد مەیاحی و 30 کەسی دیکەی تێدایە کە وەک تۆمەتبار ناسێندراون لە دۆسیەی ئەو ئاگرەی لە بازاڕێکی کوت کەوتەوە.
ئەو ئاگرە لە 16ی تەممووزی 2025 لە شاری کوتی ناوەندی پارێزگای واست کەوتەوە و لە ئەنجامدا 61 کەس گیانیان لەدەستدا.
لێکۆڵەری دادگای لێکۆڵینەوەی تایبەت بە دۆسیەکانی گەندەڵی لە وەڵامی ئەو نووسراوەدا ئاماژەی بەوە داوە کە یەکێک لەو کەسانەی ناوی هاتووە محەممەد مەیاحی، ئەندامی پەرلەمانە و بڕیاردراوە کە بە پشتبەستن بە نووسراوی دادگای تێهەڵچوونەوەی واست، داوا لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکرێ پارێزبەندی لەسەر ئەو پەرلەمانتارە هەڵبگیرێ بۆ ئەوەی رێکاری یاسایی بەرامبەر بگیرێتەبەر.
محەممەد مەیاحی لەنێو ئەو 47 کەسەدا بوو کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە لەسەر دۆسیەی گەندەڵی دەستگیرکرا.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە پارێزگای واست بە تۆڕى میدیایی رووداوى رایگەیاند، لەنێو ئەو 30 کەسەی دیکە کە ناویان لە دۆسیەکەدا هاتووە، سەرۆکی شارەوانی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی و بەرپرسانی فەرمانگەی کارەبایان تێدایە.
محەممەد مەیاحی لە 23ی تەممووز دەستی لە پۆستی پارێزگاری واست کێشایەوە، ئەوەش بەهۆی ئەو رووداوی ئاگرکەوتنەوەیەی کە لە کوت روویدا.
بەگوێرەی نووسراوەکەی دەستەی دەستپاکی، مەیاحی و 30 کەسەکەی دیکە تۆمەتبارکراون بە بڕگەی سێ لە مادەی 343ی یاسای سزادانی عێراقی.
ئەو بڕگەیە تایبەتە بە ئەنجامدانی هەڵەیەک کە زیانی گیانی لێ بکەوێتەوە و سزاکەی دەگاتە 10 ساڵ بەندکردن.



