رووداو دیجیتاڵ
دادوەری لێکۆڵینەوە لە دادگەی تاوانەکانی ناوەندیی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، روونکردنەوەی دا کە لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی تۆمەتبار (عەدنان جومەیلی)، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت، لە مانگی 10ی ساڵی 2025ـەوە دەستیان پێ کردووە. ئەمەش دوای ئەوەی دادگە چەندین زانیاریی پێ گەیشت سەبارەت بە خەرجکردنی بڕە پارەیەکی زۆر بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی چەند بەربژێرێک لە رێگەی بەکارهێنانی دارایی دەوڵەت و بە پشتیوانیی کەسایەتیی دەستڕۆیشتووی حکومەتی پێشوو.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە کە ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران تێوەگلاون لە بەکارهێنانی سامانی دەوڵەت بۆ بەرژەوەندیی تایبەت و وەرگرتنی کۆمسیۆن لە گرێبەستە حکومییەکاندا. لەبەر هەستیاریی ئەم تاوانە، دادگە داوای لادانی پارێزبەندیی لەسەر ئەو پەرلەمانتارانە کرد.
سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەپێی ئەو دەسەڵاتانەی بەپێی ماددەکانی 63 و 7 لە یاسای ئەنجوومەنی نوێنەرانی ژمارە 13ی ساڵی 2018 و مادەی 11 لە یاسای سزادان و مادەی 20 لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان پێی دراوە، بڕیاری لادانی پارێزبەندیی بۆ ئەو پەرلەمانتارانە دەرکرد.
دەستبەجێ دوای دەرچوونی بڕیارەکە، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەستەی دەسپاکی و هێزە ئەمنییەکان و بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و سەرۆکوەزیران، دەست بە جێبەجێکردنی فەرمانی گرتن و راگرتنی تۆمەتباران کرا.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لەم پڕۆسەیەدا دەست بەسەر بڕێکی زۆر پارە و بەڵگەدا گیراوە کە ئەنجامدانی تاوانەکان دەسەلمێنن، لە کاتێکدا هەندێک لە تۆمەتباران هەڵاتوون.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق جەختی کردەوە کە لێکۆڵینەوەکان لەم دۆسیەیەدا بەردەوامن و لە قۆناخــی داهاتوودا رێکاری یاسایی دژی چەندین کەسایەتیی سیاسی و بەرپرسی دیکەش دەگیرێتە بەر و چیدیکە هیچ کەسێک لە یاسا بەدەر نابێت تاوەکو شەفافیەت بگەیێنرێتە لووتکە.



